چالاکەوانان: پۆلیسی ئێران تەقە لە ژنێک دەکات

ئێران

مانگی ڕابردوو لە قەراغ شەقامێکی تەنیشت دەریای قەزوین، ئەفسەرانی پۆلیسی ئێران تەقەیان لە ژنێکی 31 ساڵ کردووە کە هەوڵیداوە بە ئوتومبێلەکەی دووربکەوێتەوە چونکە زانیویەتی کە پۆلیسەکان ویستوویانە دەست بەسەر ئوتومبێلەکەیدا بگرن.

چالاکەوانان دەڵێن پۆلیس فەرمانی پێکراوە دەست بەسەر ئوتومبێلەکەیدا بگرن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ژنەکە لە کاتی شۆفێریدا پرچی دەرخستووە کە ئەوەش پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشی ئێران بووە.

ئێستا کە ناتوانێت بڕوات و لە نەخۆشخانەیەکی پۆلیسە، ئارەزوو بەدری دایکی دوو منداڵ، نوێترین قوربانی سەرکوتکارییەکانی ئێرانە لەسەر باڵاپۆشی. تەقەکردنەکە نزیکەی 2 ساڵ دوای گیان لە دەستدانی ژینا ئەمەنی تەمەن 22 ساڵ دێت کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا لەسەر ئەوەی کە گوایە یاساکانی باڵاپۆشی پێشێل کردووە. دوای مەرگی ئەمینی، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا بەڕێوەچوو بۆ مافی ژنان و دژی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکەی ئێران.

لە کاتێکدا 16 ی مانگی نۆ کە یادی مەرگی ژینا ئەمینییە نزیک دەبێتەوە، سەرۆکی نوێی ئێران مەسعود پزیشکیانی چاکسازیخواز بەڵێنیداوە جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی سووک بکات. بەڵام وردەکارییەکانی تەقەکردنەکە لە ئارەزوو بەدری و ڤیدیۆیەکی ئەمدواییانەی کچێک کە لەسەر شەقامەکانی تاران خراپ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەو مەترسییانە دەردەخەن کە هێشتا ڕووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە کە ملکەچی یاساکانی باڵاپۆشی نابن.

هادی قایمی بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، دەڵێت " ( یاسای باڵاپۆشییان ) کردووە بە جددیترین تاوان، کە پۆلیس ڕێگەی پێدراوە تەقە بکات بۆ کوشتن. ئەوە بە ڕاستی جەنگە دژی ژن."

چالاکەوانان دەڵێن تەقەکردنەکە لە بەدری لە 22 ی مانگی حەوتدا لەسەر شەقامێکی تەنیشت کەنار دەریای پارێزگای مەزندەرانی باکووری ئێران ڕوویداوە، لە کاتێکدا کە لەگەڵ خوشکەکەی لە ماڵی هاوڕێیەکی هاتووەتەوە شۆفێری کردووە. دەزگای هەواڵی ئیرنا لە زاری کۆلۆنێڵی پۆلیس ئەحمەد ئەمینییەوە بڵاویکردەوە ئەفسەرانی ئێشکگر فەرمانیان بە ئوتومبێلە جام ڕەشەکە کردووە بوەستێت، بەڵام نەوەستاوە. باسی لە پێشێلکردنی باڵاپۆشی یاخود فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی ئوتومبێلەکە نەکرد.

بەپێی گروپی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە قسەیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە ئاگاداری تەقەکردنەکە بوون، ئەفسەرەکان سەرەتا تەقەیان لە تایەی ئوتومبێلەکەی بەدری کردووە. لە کاتێکدا بەدری بەردەوام بووە لە شۆفێریکردن، ئەفسەرەکان تەقەیان لە ناو ئوتومبێلەکە کردووە. فیشەکێک بە سنگیدا ڕۆیشتووە و لە سییەکانی داوە و زیانی بە بڕبڕەی پشتی گەیاندووە.

بەپێی یاسای ئێران، پۆلیس دەبێت تەقەی ئاگادارکردنەوە بکات، دواتر تەقە لە خوارەوەی ئوتومبێلەکە بکات پێش ئەوەی تەقە لە سنگ یاخود سەری شۆفێرەکە بکات. ئەگەر گومانلێکراوەکە شۆفێری بکات ئەفسەرەکان زۆرجار سەرەتا تەقە لە تایەکان دەکەن.

هۆکاری ئەوەی کە بۆچی پۆلیس ئوتومبێلەکەی بەدرییان ڕاگرتووە نەزاندراوە، بەڵام چالاکەوانان لۆمەی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنەکە دەکەن کە بەهۆی پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشییەوە دەرکراوە. هەروەها نەزاندراوە ئایا ئوتومبێلەکەی پۆلیس کامێرای پێوەبووە کە تەقەکردنەکەی تۆمارکردبێت یان ئایا ئەفسەرەکان کامێرایان پێبووە یان نا.

هیچ ئامارێکی پۆلیس نیە لەسەر تەقەکردنی پۆلیس لە ئێراندا. مەشقی پۆلیس لەسەر چەک و تەکتیکەکان زۆر جیاوازن، چونکە هەندێک لە ئەفسەرەکان ئەرکی سەربازییان هەیە لە ناوچەکانی وەکو پارێزگاکانی سیستان و بالوچستان کە نائارامییەکی زۆرییان تێدایە.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران کە سەرپەرشتی پۆلیسی وڵاتەکە دەکات، وەڵامی پرسیارەکانی دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی نەداوەتەوە سەبارەت بە تەقەکردنەکە.

چالاکەوانان دەڵێن بەرپرسان بەدرییان لە نەخۆشخانەیەکی پۆلیس لە تاران داناوە، سەردانی خێزانەکەیان سنووردار کردووە و ڕێگە نادەن وێنەی بگرن. سەرەڕای ئەوەش، وێنەیەکی بەدری لەم هەفتەیەدا لەلایەن بی بی سییەوە بڵاوکرایەوە.

یەکێک لە چالاکەوانەکان لە ئێران وتی " لە کەمەرییەوە بۆ خوارەوە ئیش ناکات و پزیشکەکان وتوویانە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە ئایا بۆ تا هەتایە توشی شەلەل بووە یان نا."

دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ساڵی 2022 دا، باڵاپۆشی بووە خاڵی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی ئێران. ئەمینی دوای دەستگیرکردنی لەسەر ئەوەی کە باڵاپۆش نەبووە گیانی لە دەستداوە. پانێڵێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی دەرکەوت کە هۆکاری مردنی ژینا ئەمینی ئەوە بووە کە ڕووبەڕووی " توندوتیژی جەستەیی " بووەتەوە لەلایەن دەوڵەتەوە.

مەرگی ئەمینی بووە هۆی چەندین مانگ لە خۆپیشاندان و سەرکوتکاری ئاسایش کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 کەس و دەستگیرکردنی زیاتر لە 22,000 کەسی دیکە. دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکە، پۆلیس جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی سووکتر کرد، بەڵام لە مانگی چواردا جارێکی دیکە لە ژێر پلانی نوور یاخود " پلانی ڕووناکیدا " جێبەجێکردنی یاساکەی توندتر کردەوە.

قایمی وتی باوەڕوایە ئەو ژنانەی کە بەبێ حیجاب شۆفێری دەکەن لەڕێی تەکنەلۆجیای کامێرای چاودێرییەوە دەبیندرێن کە لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بۆ ئێران دابینکراوە، بەو شێوەیەش دەتوانن شوێنییان بکەون.

ئەگەر بوەستن، ئەوا ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕووبەڕووبوونەوە ببن لەگەڵ پۆلیسدا.

گرتە ڤیدیۆیەک کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ماڵپەڕی هەواڵی ئێرانی ئینسافی چاکسازیخوازەوە بڵاوکرایەوە کە لەلایەن کامێرایەکی چاودێرییەوە گیراوە، دەردەکەوێت کە کچێکی تەمەن 14 ساڵ لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. دایکی کچەکە باسی لەوە کرد کە سەری کچەکەی خراوەتە ناو بۆکسێکی کارەباوە، ئەفسەرێکی ژن پرچی ڕادەکێشێت و ئەفسەرێکی دیکە قاچی خستووەتە سەر ملی. پۆلیس وتی ڕەفتاری ئەفسەرەکان " پیشەگەرانە نەبووە." بەڵام کچەکەشییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی جنێودان.

دایکی کچەکە، مەریەم عەباسی بە ماڵپەڕەکەی وت " کچەکەم بینی ڕووخساری برینداربوو، لێوەکانی هەڵئاوساو بوون، ملی بریندار بوو، جلەکانی دڕابوون و تەنانەت نەیدەتوانی قسەش بکات. چاوەکانی هەڵئاوسابوون لە گریان و نەدەکرانەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا