ئێران هێزە دەریاییەکەی بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پتەو دەکات

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویان کردەوە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی مەودا 1000 کیلۆمەتری داوە بە هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لەکاتێکدا ئەمەریکا پێشنیاری دانانی پاسەوانی کردووە لەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە تەنگەی هورمزی کەنداودا تێدەپەڕن.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەنەڕاڵ ئەبولفازڵ شیکارچی وەکو ئاماژەیەک بۆ بوونی پاسەوانە ئەمەریکاییەکان، وتی وڵاتانی ناوچەکە خۆیان " توانای دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەنداوی فارسیان هەیە".

دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری شیکارچییەوە بڵاویکردەوە " کەنداوی فارس و کەنداوی عومان و زەریای هیندی چ پەیوەندییەکیان بە ئەمەریکاوە هەیە؟ کاروباری ئێوە لێرە چییە؟ "

دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران بڵاویکردەوە " جۆرە جیاوازەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ... و چەند سەد مووشەکی کروز و موشەکی باڵیستیکی بە مەودای 300 بۆ هەزار کم لەنێو ئەو سیستم و کەلوپەلانەدان کە ئەمڕۆ بۆ تواناکانی هێزی دەریای سوپای پاسداران زیادکران. "

لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا واشنتن ڕایگەیاند بەم زووانە دەتوانێت پێشنیاری دانانی دەریاوانی چەکدار و مارێنز بکات لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئەمەش دوای دەستبەسەراگرتن و هەراسانکردنی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە.

مانگی ڕابردووش ڕایگەیاندبوو کە فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و ئێف 15 ی دیکە لەگەڵ کەشتییەکی جەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، ئەوەش بەمەبەستی چاودێریکردنی ڕێڕەوی ئاوییەکان. نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی خاوی جیهان بە تەنگەی هورمزی نێوان ئێران و عوماندا تێدەپەڕێت.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز