دەزگای ڕاگەیاندنی ئێرنای ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی سێشەممە ئێران یەکەمین موشەکی باڵیستیکی دەنگبڕی دروستکراوی ناوخۆی ئاشکرا کردووە.
دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وێنەی موشەکەکەی بڵاوکردەوە کە ناوی فەتاحە، دەڵێت لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکراکراوە.
بەرپرسی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمیڕاڵی حاجیزادە وتی " موشەکی فەتاحی دەنگبڕ مەوداکەی دەگاتە 1400 کم و لە توانایدا هەیە سەرجەم قەڵغانە بەرگرییەکان ببڕێت."
موشەکی دەنگبڕ دەتوانێت پێنج هێندەی خێرایی دەنگ بفڕێت، ئەمەش وەها دەکات بەرپەرچدانەوەیان قورس بێت. ساڵی ڕابردوو ئێران وتی موشەکێکی باڵیستیکی دەنگبڕی دروستکردووە کە دەتوانێت لە دەرەوە و ناوەوەی هەوادا بفڕێت.
کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران وتی موشەکی فەتاحی ئێران دەتوانێت " سیستمە پێشکەوتووەکانی بەرگری موشەکی دوژمن بکاتە ئامانج و پێشکەوتنێکی گەورەیە لە بواری موشەکەکاندا."
وتی " دەتوانێت پێشکەوتووترین سیستمەکانی دژە موشەکی ئەمەریکا و ڕژێمی زایۆنی ببڕێت، بە سیستمی ئایرۆن دۆمی ئیسرائیلیشەوە."
سەرەڕای دژایەتیکردنی لەلایەن ئەمەریکا و ئەوروپاوە، ئێران وتوویەتی بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی زیاتری پرۆگرامی بەرگریی موشەکی وڵاتەکە. بەڵام شیکەرەوە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن هەندێک جار ئێران زیادەڕۆیی دەکات لە تواناکانی موشەکەکانیدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز