ئێران دەڵێت ڕوشدی و لایەنگرانی بەرپرسن لەو هێرشەی کرایەسەری

سەلمان ڕوشدی

وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی هیچ کەس مافی ئەوەی نیە ئێران تۆمەتبار بکات لەسەر هێرشەکەی ڕۆژی هەینی سەر سەلمان ڕوشدی، کە تەنها خۆی و لایەنگرانی بەرپرسن لێی.

سەلمان ڕوشدی ڕۆماننوس ڕۆژی هەینی لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمەریکا بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر و بە سەختی برینداربوو. ڕوشدی چەند دەیەیەکە لەژێر هەڕەشەدا دەژی و لەڕێی نوسینەکانییەوە بەرپرسانی ئایینی ئێرانی توڕە کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسر کەنعانی گوتی ئازادی ڕادەربڕین بیانوو نیە بۆ سوکایەتییەکانی ڕوشدی بە ئایین.

کەنعانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " لە ماوەی هێرشەکەدا بۆ سەر سەلمان ڕوشدی، ئێمە هیچ کەس جگە لە خۆی و لایەنگرانی بە شایستەی سەرزەنشتکردن نازانین، سەرزەنشتکردن و سەرکۆنەکردن. هیچ کەس مافی ئەوەی نیە ئێران لەم بارەیەوە تۆمەتبار بکات."

هێرشەکەی سەر ڕوشدی کاردانەوەی سیاسییەکان و نوسەرانی لە سەرانسەری جیهان لێکەوتەوە و سەرکۆنە کرا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە گوتی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێران چەند نەوەیەکە هانی توندوتیژییان داوە دژی ڕوشدی.

لە ساڵی 1988 دا ڕابەری باڵای پێشووی ئێران ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی فەتوایەکی دەرکرد و تیایدا داوای لە موسوڵمانان کرد سەلمان ڕوشدی بکوژن.

لە ساڵی 1998 حکومەتی ئێران وتی چیتر ناتوانێت پشتیوانی لە فەتواکە بکات.

بەڵام لە ساڵی 2019 دا تویتەر هەژمارەکەی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی داخست بەهۆی ئەوەی نوسینێکی بڵاوکردبۆوە و تیایدا نوسیبووی " فەتواکەی دژی ڕوشدی " هەڵناوەشێتەوە و وەکو خۆی ماوەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز