سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئێران لە مۆسکۆ کۆ دەبنەوە

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و هاوتا ئێرانییەکەی مەسعود پزشکیان ڕۆژی هەینی لە مۆسکۆ کۆبوونەوە پێش ئەوەی پەیماننامەکی هاوبەشی ستراتیژی مۆربکەن، کە بریتییە لە هاریکارییەکی بەرگری نزیکتری نێوان هەردوو وڵات و پێدەچێت ڕۆژئاوا نیگەران بکات.

پزشکیان لە یەکەمین سەردانیدا بۆ ڕووسیا، ڕایگەیاند پێیوایە ڕەنگە بتوانن ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن لەسەر دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی کارەبا لە ئێران بە یارمەتی ڕووسیا.

پوتن وتی " تاوتوێی سەرجەم بوارەکانی هاریکارییەکانی نێوانمان دەکەین و هاوبەشییەکی ستراتیژی گشتگیر واژۆ دەکەین. ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ئەوە دەکەین و زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە ئەم کارە تەواو بوو." وتیشی ڕێککەوتنەکە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە پتەوتر دەکات.

مۆسکۆ لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ئۆکرانیاوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا باشتر کردووە کە دوژمنی ئەمەریکان، لەوانەش کۆریای باکوور. پێشتریش لەگەڵ کۆریای باکوور و بێلاڕووسی هاوپەیمانیدا پەیماننامەی ستراتیژی واژۆ کردووە، لەگەڵ چینیشدا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژی واژۆ کردووە.

ڕێککەوتنە 20 ساڵەییەکەی نێوان ڕووسیا و ئێران پێشبینی ناکرێت بڕگەی بەرگری هاوبەش لە خۆبگرێت، لەو جۆرەی کە لەگەڵ بێلاڕووس و کۆریای باکووردا واژۆی کردوون، بەڵام هێشتا ڕەنگە ڕۆژئاوا نیگەران بکات.

مۆسکۆ و تاران دەڵێن پەیوەندییە نزیکەکانییان لە دژی هیچ وڵاتێکی دیکە نین.

ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو لە جەنگی ئۆکرانیادا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکارهێناوە، ئەمەریکاش لە مانگی نۆدا تارانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دابینکردنی موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت بۆ ڕووسیا تاوەکو مۆسکۆ دژی ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت. تاران ڕەتی دەکاتەوە موشەک یاخود فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دابێت بە ڕووسیا.

پێشتر ڕووسیا سیستمی بەرگری ئاسمانی S-300 ی داوە بە ئێران و میدیاکانی ئێران باسییان لەوە کردووە کە ئێران ئەگەری هەیە ئارەزووی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی S-400 ی ڕووسیایی بێت و دەیەوێت فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی ڕووسیا بکڕێت.

سەردانەکەی پزشکیان بۆ ڕووسیا لە کاتێکدایە کە کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەمبوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسلامییە یاخیبووەکان ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێرانییان لە سوریا ڕووخاند، هەروەها بەهۆی لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان و حەماسەوە بەهۆی شەڕەکەیانەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز