وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل بۆ ئێران: ڕژێمێک هەڕەشەی لە ناوبردن بکات شایەنی لە ناوچوونە

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز دەڵێت پەیامەکەی ئێران بۆ " شەڕێکی لەناوبەر " وایکرد ئێران شایەنی لە ناوچوون بێت.

کاتز لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " ڕژێمێک کە هەڕەشەی لە ناوبردن بکات شایەنی لە ناوچوونە." وتیشی ئیسڕائیل بە تەواویی هێزەکەیەوە دژی حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی لێدەکات دەجووڵێت ئەگەر حزبوڵا هێرشەکانی لە لوبنانەوە بۆ سەر ئیسڕائیل نەوەستێنێت و لە سنوورەکە دوورنەکەوێتەوە.

نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی وتی ئەگەر ئیسڕائیل دەست بە " دوژمنکارییەکی سەربازیی بەرفراوان " بکات لە لوبنان ئەوا " جەنگێکی لەناوبەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت."

نێردەکە لە ئێکس نوسیویەتی لە ڕووداوێکی لەو جۆرەدا " سەرجەم بژاردەکان لەبەردەستدا دەبن، بە بەشداریی تەواویی سەرجەم بەرەکانی بەرهەڵستکارانیشەوە."

لە مانگی 10 ەوە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززە، حزبوڵا و ئیسڕائیل لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسڕائیل تەقە لە یەکتری دەکەن. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت لەم هەفتەیەدا وتییان ڕێگەیەکی دیبلۆماسییان پێ باشترە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.

سەرەڕای ئەوەی کاتز ئەندامە لە کابینەکەی جەنگی ئیسڕائیلدا، سیاسەتی جەنگ بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن نەتانیاهو و بازنەیەکی بچووکی وەزیرەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، بە گالانتیشەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی واشنتنی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی غەززە و لوبنان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز