سەرۆکی ئێران سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسڕائیل دەکات بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان وتی ئیسڕائیل نابێت ڕێگەی بدرێت یەک لە دوای یەک هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە لە " بەرەی مقاوەمەدان."

ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن و ڕووبەڕووبوونەوەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێراندا لە ناوچەکەدا فراوانتر کرد، ئەوەش دوای کوشتنی سەرکردەی حزبوڵای لوبنان سەعید حەسەن نەسڕوڵا لە بەیروت.

پزیشکیان وتی لوبنان دەبێت پشتیوانی لێبکرێت.

وتی " چەکدارەکانی لوبنان نابێت لەم شەڕەدا بە تەنها جێبهێڵدرێن بۆ ئەوەی ڕژێمی زایۆنی ( ئیسڕائیل ) یەک لە دوای یەک هێرش نەکاتە سەر وڵاتانی بەرەی مقاوەمە."

لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی هەینیدا بۆ سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان، لەگەڵ نەسڕوڵادا جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران عەباس نیلفۆرۆشانیش کوژرا.

پزیشکیان وتی " ناتوانین ئەم جۆرە کارانە قبووڵ بکەین، بەبێ وەڵامیش تێپەڕ نابن. کاردانەوەیەکی یەکلاکەرەوە پێویستە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلی کرد لە یەمەن و وتی " ژێرخانە مەدەنییەکانی " وەکو وێستگەی کارەبا و تانکەکانی سوتەمەنییان کردووەتە ئامانج.

وتی " ئێران جارێکی دیکە هۆشداری دەدات سەبارەت بە دەرەنجامەکانی ڕژێمی زایۆنی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش."

لە مانگی حەوتدا لە هێرشێکی دیکەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل بۆردومانی " چەند شوێنێکییان کردووە بۆ بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهێندراون، لەوانەش ژێرخانی وزە " لە حودەیدە، وتەبێژی سەربازیی ئیسڕائیلیش وتی بەندەری حودەیدە لەلایەن حوسییەکانەوە بۆ وەرگرتنی بارە چەکی ئێرانی بەکارهێندراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا