ئێران دەڵێت 14 ئەندامی گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون کە پلانی هێرشکردنییان داناوە

ڕۆژی هەینی بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند 14 ئەندامی گومانلێکراویی داعشییان دەستگیرکردووە کە گوایە پلانی هێرشکردنییان داناوە لە وڵاتەکەدا.

دەزگای هەواڵی ئیرنا لە زاری وەزارەتی هەواڵگری ئێرانەوە بڵاویکردەوە 14 ئەندامی " ڕێکخراوی داعشی خۆراسان " لە چەندین ئۆپەراسیۆندا دەستگیرکراون.

ڕێکخراوی داعشی خۆراسان لقێکی داعشە لە ئەفغانستان، خۆراسان هەرێمێکی مێژووییە کە دابەشبووە بەسەر ئێران و ئەفغانستان و ناوەڕاستی ئاسیادا.

ئیرنا بە دیاریکراوی ئاماژەی بەوە نەداوە ئەوانەی دەستگیرکراون خەڵکی کوێن یاخود لە کوێ دەستگیرکراون، بەڵام وتی لە نزیک ئالبۆرز و فارسی باشوور و خوزستانی باشووری ڕۆژئاواوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

وەزارەتی هەواڵگری ئێران وتی " ئەوانەی تۆمەتبارکراون چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هاتوونەتە وڵاتەکەوە و ئامانجییان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بووە."

لە مانگی یەکدا داعش بەرپرسیارێتی دوو تەقینەوەکەی باشووری ئێرانی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 90 کەس.

ئەو هێرشە کوشندەترین هێرش بوو لە ئێران لە دوای ساڵی 1978 ەوە.

لەو کاتەدا وەزیری ناوخۆی ئێران ئەحمەد ڤاهیدی وتی داعش " لە خزمەتی ڕژێمی زایۆنیدا ئۆپەراسیۆن لە وڵاتەکەدا ئەنجام دەدات."

لە مانگی چواریشدا دەزگای هەواڵی ئێران باسی لە دەستگیرکردنی سێ ئەندامی گومانلێکراوی داعش کرد لە نزیک تاران.

سەرچاوە/ فرانس پرێس