بڕیارەکەی دادگای جیهانی کە ڕۆژی هەینی، 26ی مانگی یەک ڕاگەیەندرا و فەرمانی بە ئیسڕائیل کرد هەنگاو بنێت بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی کە دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی لە جەنگەکەیدا لە غەززە، کاردانەوەیەکی بەفراوانی لێکەوتووەتەوە.
کاردانەوەی ئەفریکای باشوور
وەزارەتی دەرەوەی ئەفریکای باشوور سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای جیهانی ڕایگەیاند و گوتی " ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ سەروەری یاسای نێودەوڵەتی و هەنگاوێکی گرنگ بوو لە گەڕان بە دوای دادپەروەریدا بۆ گەلی فەلەستینی."
وتیشی "هیچ بنەمایەکی ڕەوا نیە بۆ ئیسڕائیل تاوەکو بەردەوام بێت لە بانگەشەکردنی ئەوەی کە دەڵێت چالاکییە سەربازییەکانی بە تەواوەتی پابەندن بە یاسای نێودەوڵەتییەوە، بە پەیماننامەی کۆمەڵکوژیشەوە."
وتیشی " ئەفریکای باشوور هیوادارە ئیسڕائیل کار بۆ پووچەڵکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە نەکات، وەکو چۆن بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەوەی کردووە، بەڵام لە بری ئەوە بە تەواوەتی جێبەجێی بکات، وەکو چۆن پابەندە بەوەوە کە بە تەواوەتی جێبەجێی بکات."
کاردانەوەی ئیسرائیل
سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی " پابەندبوونی ئیسڕائیل بە یاسای نێودەوڵەتییەوە جێگیرە. هێندەی ئەوەش پابەندبوونی پیرۆزمان جێگیرە بە بەردەوامیدان بە بەرگریکردنەوە لە خۆمان و گەلەکەمان. وەکوو هەموو وڵاتێک، ئیسڕائیل مافی بنچینەیی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."
وتیشی " هەوڵە بەتاڵەکان بۆ ئەوەی ئەم مافە بنچینەییە لە ئیسڕائیل بسەننەوە جیاکارییەکی ئاشکرایە دژی دەوڵەتی جووەکان. ئەو تۆمەتی کۆمەڵکوژییەی کە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کراوە نەک تەنها هەڵەیە بەڵکو بێزارکەریشە، خەڵکانی باشیش لە هەموو شوێنێک ڕەتی دەکەنەوە."
وتیشی " ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی دژی حەماس، کە گروپێکی کۆمەڵکوژی تیرۆریستە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل وتی "لە 7 ی مانگی 10 دا حەماس دڕندەترین و ترسناکترین کاری دژی گەلی جووەکان ئەنجامدا لە دوای هۆڵۆکۆستەوە، هەروەها بەڵێنیشیداوە ئەم کارە دڕندانە دووبارە و دووبارە ئەنجام بداتەوە. جەنگەکەمان دژی حەماسی تیرۆیستە نەک هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی."
هەروەها وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی " دادگای دادی نێودەوڵەتی لە هاگ زۆر ڕۆیشت، کاتێک کە مۆڵەتیدا داوا دژە جووەکەی ئەفریکای باشوور تاوتوێ بکات کە بانگەشەی کۆمەڵکوژی دەکات لە غەززە، ئێستاش ڕەتی دەکاتەوە سکاڵاکە ڕەت بکاتەوە."
بێن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسڕائیلیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " هاگ شماگ "، ئەوەش وەکو گاڵتەپێکردنێک بە فەرمانەکە بە شێوازی یەدیش.
کاردانەوەی فەلەستینییەکان
وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان ڕیاز ئەل مالیکی وتی " دادوەرەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندنییان بۆ ڕاستییەکان و یاسا کردووە، لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی و یاسای نێودەوڵەتی بڕیاریاندا."
وتی " داوا لە وڵاتان دەکەین دڵنیا ببنەوە لەوەی هەموو فەرمانەکانی دادگاکە جێبەجێ بکرێن، بە ئیسڕائیلیشەوە، دەسەڵاتی داگیرکار. ئەمە بڕیارێکی یاساییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت."
ڕیاز ئەل مالیکی وتیشی " فەرمانەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی بەبیرهێنانەوەیەکی گرنگە لەسەر ئەوەی کە هیچ وڵاتێک لەسەروو یاساوە نیە. دەبێت وەکو بە خەبەر هێنانەوەیەک بێت بۆ ئیسڕائیل و ئەو کارەکتەرانەی کە یارمەتیدەر بوون لەمەدا کە ئیسڕائیل سزا نەدرێت."
سامی ئەبوزوهری. بەرپرسی باڵای حەماسیش وتی " فەرمانەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی پەرەسەندنێکی گرنگە کە یارمەتیدەر دەبێت لە پەراوێزخستنی داگیرکار ' ئیسڕائیلدا ' و ئاشکراکردنی تاوانەکانی لە غەززەدا. داوا دەکەین داگیرکار ناچار بکرێت بڕیارەکانی دادگاکە جێبەجێ بکات."
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤیش وتی " بڕیارە مێژووییەکەی دادگای جیهانی، ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە کارێکی دەستبەجێ پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و ئەنجامدانی کاری دڕندانەی زیاتر دژی فەلەستینییەکان لە غەززە. ژیانی خەڵکەکە لە مەترسیدایە، حکومەتەکانیش پێویستە بە پەلە کاریگەرییەکانی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی فەرمانەکە جێبەجێ بکرێت. فراوانی و قەبارەی ئازار و ناڵەی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە کە بەهۆی تاوانەکانی جەنگی ئیسڕائیلەوە دروست بوون لەوە کەمتری ناوێت."
پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ڕید برۆدی وتی " دادگای دادی نێودەوڵەتی هەموو ئەو شتانەی نەدا بە ئەفریکای باشوور کە دەیویست، بەڵام ئەم فەرمانە بەرگرییەکە لە بڕیارەکەی پریتۆریا بۆ هێنانی دۆسییەکە بۆ بەردەم دادگاکە، هەروەها تۆمەتبارکردنێکی بەهێزە بۆ سیاسەتی ئیسڕائیل."
وتیشی " لە هەمووی گرنگتر، حکومەتی ئیسڕائیل هەرچییەک بڵێت، ئەم فەرمانەی کە دەبێت پابەند بێت پێوەی، ڕاستەوخۆ و لە ڕێی هاوپەیمانەکانییەوە فشاری دەخاتە سەر بۆ کۆتایی هێنان بە سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە و هەروەها بۆ ڕێگەدان بە یارمەتییە مرۆییەکان."
سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی ئاگنێس کالامارد وتی " حکومەتی ئیسڕائیل دەبێت دەستبەجێ پابەندی فەرمانەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی بێت."
ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان وتی " ئەمڕۆ بەرپرسانی ڕژێمە ساختەکەی ئیسڕائیل، دەبێت دەستبەجێ لەسەر ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوانی بێپێشینەی جەنگ دژی فەلەستینییەکان بهێندرێنە بەردەم دادپەروەری."
ڕۆژی هەینی ، دادوەرەکانی دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای داوای ئیسرائیلیان بۆ ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی ئەفریقای باشوور سەبارەت بە جینۆسایدی ئەو وڵاتە لە غەززە ڕەتکردەوە و لە هەمان کاتدا دادگاکە فەرمانی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە دەرنەکرد و تەنها داوای کرد ئێسرائیل کردەوەکانی کە دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی لەو ناوچەیەدا ڕابگرێت.
حکومەتی ئیسرائیل داوای لە دادگای لاهای کردبوو کە دۆسیەکە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەفریقای باشووریش داوای لە دادگاکە کردبوو بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل.
دادوەرەکانی دادگای لاهای داوایان لە ئیسرائیل کرد واز لە کوشتن و بریندارکردن و لەناوبردنی ژیانی فەلەستینییەکان بهێنێت، چونکە ئەم کارانە دەکەونە چوارچێوەی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جینۆسایدەوە.
دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ گەرەنتی ئەوە بدات کە هێزە سەربازییەکانی هیچ کام لەو کارانەی سەرەوە ئەنجام نادەن و لە ماوەی یەک مانگدا ڕاپۆرت بدەنە دادگا لەو بارەیەوە. دادگای نێودەوڵەتی هەروەها داوای کرد ئیسرائیل ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر بگرێتەبەر بۆ یارمەتیدانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز