له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کۆبوونه‌وه‌کانی ژماره‌یه‌ک له لایه‌نه سه‌ره‌کیه‌کانی عێراق به‌رده‌وامن وه‌ک هه‌وڵێک بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له سه‌ره‌ک وه‌زیری عیراق ، به‌ڵام ڕۆژی یه‌کشه‌ممه سه‌رۆکی عێراق ناردنی ئه‌و نامه‌یه‌ی داوای لێکراوه بیدات به په‌رله‌مان بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له نوری ئه‌لمالیکی ڕه‌تی کرده‌وه چونکه وه‌ک له په‌یامه‌که‌یدا باسی کردووه ژماره‌ی یاسایی پێویستی ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی له‌گه‌ڵدا نه‌بووه.
ئه‌م بڕیاره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی نابێته مایه‌ی ڕاگرتنی ئه‌و هه‌وڵانه و هه‌ر له کۆبوونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی هاوپه‌یمانی کوردستانی و عێراقیه و ڕه‌وتی سه‌دردا که له هه‌ولێر کرا بڕیاردرا، له‌سه‌ر بنچینه ده‌ستوریه‌کان ئه‌و لایه‌نانه به‌رده‌وام بن بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له سه‌ره‌ک وه‌زیری وڵاته‌که.
ئیسماعیل غازی عۆده ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه له‌سه‌ر لیستی ئه‌لعێراقیه و ده‌ڵێت بڕیاره‌که‌ی تاڵه‌بانی ڕێک به پێچه‌وانه‌ی خواستی زۆرینه‌ی گه‌لی عێراقه‌وه‌یه.
ئیسماعیل غازی ده‌ڵێت هیوادارن سه‌رۆکی عێراق ئه‌و بڕیاره‌ی له ئه‌نجامی فشاری ده‌ره‌کی نه‌دابێت و له بڕیارهکهشیدا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی عێراق و گه‌لی عێراقیشی کردبێت، به‌ڵام ده‌شڵێت وه‌کو لیستی ئه‌لعێراقیه وه‌ها له‌و بڕیاره ده‌ڕوانن که له ژێر کاریگه‌ری ده‌ره‌کیدا بووه و هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی گشتیشی تیادا ڕه‌چاو نه‌کراوه و له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌که‌شدا نییه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له 6 ساڵی ڕابردوودا بینراوه له عێراقدا ته‌نها ته‌قه‌لادان بووه بۆ تاکڕه‌وی له ده‌سه‌ڵاتدا و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌کان بووه و ته‌نانه‌ت هیچ بهرهوپێشچونێکیش له ڕه‌وشی گشتی عێراقدا به‌دی نه‌کراوه.
ئیسماعیل غازی ده‌ڵێت گرنگ نییه کێ جێی مالیکی ده‌گرێته‌وه ه ده‌شڵێت له‌و بڕوایه‌دا نییه کێشه‌که کێشه‌ی ئه‌وه بێت کێ ده‌بێت به جێگره‌وه‌ی مالیکی، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌رگیز داوا نه‌کراوه که‌سێکی دیاریکراو ببێته جێگره‌وه‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیر، هه‌ر بۆیه‌شه هه‌ر که‌سێک له هاوپه‌یمانی نیشتیمانی عێراقه‌وه ده‌ستنیشان بکرێت بۆ ئه‌و پۆسته گرنگ نییه ته‌نها مالیکی نه‌بێت و ده‌شبێت ئه‌وه بزانرێت ئه‌م قه‌یرانه شتێکی که‌سێتی نییه به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به بڕوابوون به دیموکراسیه‌وه هه‌یه و په‌یوه‌ندی هه‌یه به چۆنیه‌تی ڕێگه گرتن له‌وانه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان کێشه ده‌خوڵقێنن.
ئه‌م ئه‌ندامه‌ی لیستی ئه‌لعێراقیه جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی ژماره‌ی یاسایی پێویست له‌گه‌ڵ یاداشته‌که‌یاندا نێردراوه بۆ سه‌رۆکایه‌تی عێراق و ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئۆفیسی سه‌رۆکی عێراق ڕه‌تده‌کاته‌وه.
ئیسماعیل غازی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی که ڕوویداوه بۆ دوورخستنه‌وه و درێژ کردنه‌وه‌ی کات بووه و شتی نادروست کراوه و ئیمزا و ژماره‌ی پێویست هاوپێچ بووه به داواکه‌ی لایه‌نه‌کانه‌وه و ئیدی چ پێویست ده‌کات په‌یوه‌ندی بکرێت به په‌رله‌مانتارانه‌وه و لێیان بپرسرێت ئایا ئه‌وه ئیمزای تۆیه یان نا و ده‌شڵیت ئه‌وه کێشه‌کانی دروستکرد و ده‌گوترا ژماره‌یه‌ک له نوێنه‌ران ئیمزاکانی خۆیان کشاندۆته‌وه.
ده‌وڵه‌تی یاسا ستایشی ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆکی عێراقی کردووه. به‌ڵام وه‌ک ئه‌حمه‌د حه‌بیب ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت مه‌رج نییه ئه‌و بڕیاره کۆتایی به قه‌یرانی سیاسی وڵاته‌که‌ی بێنێت.
ئه‌حمه‌د حه‌بیب ده‌ڵێت هه‌رگیز قه‌یرانه‌کان له عێراقدا کۆتای‌یان نایه‌ت چونکه که‌سێک سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌کات و توانایی هه‌یه و ده‌ستپاکه و چالاکی هه‌یه و خاوه‌ن ئاستێکی ته‌واوی جه‌ماوه‌ریشه، ئیدی ئه‌مانه بوونه‌ته مایه‌ی ئیره‌یی پێ‌بردنی و تا ئه‌و ئیرهییهش هه‌بێت وه‌ک ئه‌حمه‌د حه‌بیب له ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت قه‌یرانی وڵاته‌که‌ی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
لایه‌نه‌کانی به‌رامبه‌ر مالیکی وه‌ستاونه‌ته‌وه داوای جێبه‌جێکردنی به‌نده‌کانی یه‌که‌م ڕێکه‌وتنی هه‌ولێر ده‌که‌ن، واته ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ی ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێستای عێراقی پێکهێنا و نوری ئهلمالیکیشی کرده سه‌ره‌ک وه‌زیر.
ئه‌حمه‌د حه‌بیب ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت ئه‌مانه‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێکردن یان جێبه‌جێنه‌کردنی ڕێکه‌وتنی هه‌ولێر ده‌گوترێن ته‌نها بیانوی نابه‌جێن و ڕێکه‌وتنی هه‌ولێر ڕێک وه‌ک خۆی جێبه‌جێکراوه، ته‌نها ئه‌و شتانه نه‌بێت که جیاوازن و له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراقدا یه‌کناگرنه‌وه و ده‌شڵێت له به‌ندی یه‌که‌می ڕێکه‌وتنه‌که‌دا هاتووه هه‌موو لایه‌نه‌کانی مۆریان کردووه ڕیکه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێکه‌وتنه‌که ناکۆک نه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌نده‌کانی ده‌ستوردا.
ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق وه‌نه‌بێت هه‌ر ته‌نها له‌لایه‌ن لیستی عێراقیه و به‌شێکی هاوپه‌یمانی کوردستانیه‌وه بێت ، به‌ڵکو له ناو ماڵی شیعه‌شدا ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ڕه‌فتاره‌کانی نوری ئه‌لمالیکی هه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌در ڕایگه‌یاندووه. به‌ڵام ئه‌حمه‌د حه‌بیب ده‌ڵێت با پێش ڕووداوه‌کان نه‌که‌وین و که‌سێکی وه‌ک موقته‌دا ئه‌لسه‌در هه‌رگیز نابێته هۆکارێک بۆ تێکدانی ماڵی شیعه له عێراقدا. ده‌ڵێت موقته‌دا ئه‌لسه‌در چونکه چۆته ناو مه‌سه‌له‌که‌وه ئیدی نایه‌وێت پاشه‌کشه‌ی خۆی نیشان بدات، به‌ڵام گه‌ر ڕۆ بچیته ناو ڕه‌وتی سه‌در و ناو نوێنه‌رانی لایه‌نی سه‌دریه‌کانیش له په‌رله‌ماندا ده‌بینیت زۆرێکیان له‌و هه‌ڵوێستانه ناڕازین و ته‌نانه‌ت خودی موقته‌داش مه‌سه‌له‌که‌ی زۆر به ڕژد وه‌رنه‌گرتووه و به‌ڵکو ته‌نها وه‌ک هۆکارێکی فشارکردن سه‌یری ده‌کات له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستکه‌وتی زیاتردا.
له ڕووی یاسایی و ده‌ستوریه‌وه وه‌ک تارق حه‌رب پسپۆڕی یاسایی ده‌ڵێت ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆکی عێراق بڕیاریکی ده‌ستوریه.
تارق حه‌رب ده‌ڵێت ده‌ستور ڕێگه‌ی داوه به سه‌رۆکی کۆمار داوا له په‌رله‌مان بکات متمانه له حکومه‌ت بسه‌ندرێته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ ئه‌ندامێکی په‌رله‌مان دا‌واشیان نه‌کردبێت و هه‌روه‌هاش ئه‌گه‌ر هه‌ر 325 ئه‌ندامه‌که‌ی په‌رله‌مانیش داوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یان مۆر کردبێت، سه‌رۆکی کۆمار ئه‌و مافه‌ی هه‌یه ئه‌و داوایه نه‌نێرێته په‌رله‌مانه‌وه، هه‌ربۆیه ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی مۆریان کردووه هه‌رگیز ناچێته ئه‌و خانه‌یه‌وه که په‌یوه‌ندی هه‌بێت به بڕیاری سه‌رۆکی کۆماره‌وه چونکه له ده‌ستوردا هیچ مه‌رجێک دیارنه‌کراوه و پێده‌چێت سه‌رۆکی عێراق نه‌گه‌یشتبێته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی متمانه له حکومه‌تی عێراق بسه‌ندرێته‌وه.
پسپۆڕی یاسایی تارق حه‌رب ده‌ڵیت کاتێک ڕکابه‌ره‌کانی مالیکی ده‌ڵێن ده‌نگی پێویستیان هه‌یه ئه‌ی بۆ له په‌رله‌ماندا داوی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌که ناکه‌ن.
تارق حه‌رب ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ڕکابه‌ره‌کانی مالیکی 163 ده‌نگیان هه‌یه وه‌ک زۆرترایه‌تی له ناو په‌رله‌ماندا ئه‌وا ده‌توانن له ناو په‌رله‌ماندا کاری خۆیان بکه‌ن و له ڕووی پراکتیکیه‌وه له هه‌فته‌یه‌ک زیاتری پێناچێت و له ده‌ستوریشدا ته‌نها یه‌ک هه‌فته دانراوه و ئیدی وه‌ک پسپۆڕی یاسایی تارق حه‌رب ده‌ڵێت ئه‌م هه‌موو هاتن و چونه‌ی بۆ چییه و هه‌موو شته‌کان ڕوون و ئاشکران له ده‌ستوردا و ده‌شڵێت به‌داخه‌وه سیاسیه‌کانی عێراق ده‌یانه‌وێت وروژاندن له شه‌قامی عێراقیدا دروستبکه‌ن و ڕۆژێک دهیانگووی 220 ده‌نگیان هه‌یه و ڕۆژێکی تر ده‌گوترا 180 ده‌نگ و ئه‌گه‌ر ئه‌م ژمارانه هه‌ن ئه‌ی بۆ لایه‌نه ڕکابه‌ره‌کانی مالیکی له ناو په‌رله‌ماندا کاری خۆیان ناکه‌ن؟
له‌سه‌ر بنچینه‌ی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ ئیسماعیل غازی عۆده و ئه‌حمه‌د حه‌بیب و تارق حه‌رب، به‌ڵێن ساڵح ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاماده‌کردووه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گویبیستی ته‌واوی ڕاپۆرته‌که بن که ماوه‌که‌ی 8:16 خوله‌که.