حوسییەکان بەڵێن دەدەن تۆڵەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا بکەنەوە

حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا " نامانوەستێنن " و بەڵێییاندا وەڵام بدەنەوە. ئەم ڕاگەیاندنەش دوای ئەوە بوو وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور، ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر دەیان ئامانجی حوسییەکانییان لە یەمەن.

درەنگانێکی ڕۆژی شەممە ئەمەریکا و بەڕیتانیا جارێکی دیکە هێرشی ئاسمانییان کردەوە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریکا بە تەنها هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە لە عێراق و سوریادا، وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە کوشندەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکایی.

ئەمە سێیەمین جارە ئەمەریکا و بەڕیتانیا بە هاوبەشی هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر حوسییەکان لە یەمەن، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بوونەتە هۆی تێکدانی بازرگانی جیهانی.

ئەمەریکا چەند جارێکیش بە تەنها هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر حوسییەکانی یەمەن، بەڵام هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی دەریای سوور بەردەوام بوون.

ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانییان لەو هێرشە ئاسمانییانە کردووە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتییان هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی شەممە لە " 36 ئامانجی حوسییەکانییان داوە لە 13 شوێنی یەمەندا، وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان دژی کەشتییە نێودەوڵەتی و بازرگانییەکان و ئەو کەشتییە جەنگییانەی کە بە دەریای سووردا تێپەڕ دەبن."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن وتی هێرشە ئاسمانییەکان " مەبەست لێیان تێکدان و کەمکردنەوەی تواناکانی حوسییەکانی یەمەن بووە بۆ ئەنجامدانی هێرشە تێکدەر و سەرکێشەکانییان."

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان یەحیا ساری وتی سەنعای پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان کراونەتە ئامانج.

وتیشی 48 هێرشی ئاسمانی ئەنجام دراون، وتی " ئەم هێرشانە نامانوەستێنن لە پشتیوانییەکانمان بۆ گەلی فەلەستینی خۆڕاگر لە کەرتی غەززە."

وتیشی " ئەم هێرشانە بەبێ وەڵام و سزا تێپەڕ نابن."

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی فڕۆکە جەنگییەکانی تایفوونی هێزی ئاسمانی شاهانەی بەڕیتانیا چەندین ئامانجییان پێکاوە، لەوانەش دوو وێستگەی کۆنتڕۆڵی ژێرزەوی کە بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەر و دیدەوانییەکان بەکاردەهێندراون.

لەلایەکی دیکەوە سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی هێزەکانی هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر موشەکێکی دژە کەشتی حوسییەکان کە ئامادەکراوە بۆ هەڵدانی بە ئاڕاستەی کەشتییەکان لە دەریای سووردا.

پێشتریش سەرکردایەتییەکە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شەش موشەکی دیکەی دژە کەشتی حوسییەکان، ڕۆژی هەینیش سوپای ئەمەریکا وتی هێزەکانی هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە ناو و نزیک یەمەنەوە خستووەتە خوارەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس