هەزاران کەس لە هۆنگ کۆنگ دژی یاسا نوێیەکەی چین خۆپیشاندان دەکەن

پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی کاری تێکدەرانە لە هۆنگ کۆنگ گازی فرمێسک ڕژێنی ڕشت بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کە ناڕەزایی دەردەبڕن دژی سەپاندنی پڕۆژە یاسای ئاسایشی نیشتیمانی چین بەسەر هۆنگ کۆنگدا.

سەپاندنی ئاسایشی نیشتیمانی بەسەر هۆنگ کۆنگدا هەنگاوێکە مشتوڕمری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، پەکین جەختی لەوە کردۆتەوە دەبێت ئەو یاسایە بەزووترین کات بسەپێندرێت بەسەر هۆنگ کۆنگدا کە حکومەتێکی خۆجێی بەڕێوەی دەبات.

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی وتی " ئەو یاسایەی کە پێشکەشی پەرلەمانی چین کراوە دەبێت بەبێ هیچ دواکەوتنێک جێبەجێ بکرێت." ئەمەش لەکاتێکدایە بزوتنەوە دیموکراتخوازەکانی هۆنگ کۆنگ لەوە دەترسن یاساکە لێدانێکی مەترسیدار بێت بۆ سەر ئازادی لە شارەکەدا.

لەلای خۆیەوە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئەگەر چین ئەو یاسایە لە هۆنگ بسەپێنێت ئەوا بە توندی وەڵام دەدەینەوە، ئەوەشی خستەڕوو هێشتا لە وردەکاریی پلانەکەی چین ئاگادارنین.

سەرچاوە/ فرانس پرێس