فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ هەموو گەشتەکانی ڕۆژی دووشەممەی هەڵوەشاندەوە

ئەمڕۆ: وێنەی خۆپیشاندەران لەناو فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگدا

کاربەدەستانی فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ڕۆژی دووشەممەیان هەڵوەشاندەوە هاوکات لەگەڵ چوارەم ڕۆژی گردبوونەوەی خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە فڕۆکەخانەکەدا.

کاربەدەستانی فڕۆکەخانەکە لە بەیاننامەیەکدا وتیان " بێجگە لە گەشتە ڕۆشتووەکان و ئەو گەشتانەی کە ئێستا لەڕێدان بۆ هۆنگ کۆنگ، هەموو گەشتەکانی دیکە بۆ ئەمڕۆ هەڵوەشێندراونەتەوە."

کاربەدەستان وتیشیان جووڵەی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانە زۆر قەرەباڵغە و شوێنەکانی وەستانی ئوتومبێلەکان پڕبوون.

خۆپیشاندانەکانی هۆنگ کۆنگ گەورەترین قەیران و کێشەیەکی مەترسیداری بۆ چین دروست کردووە کە فەرمانڕەوایی هۆنگ کۆنگ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ئۆفیسی کاروباری هۆنگ کۆنگ و ماکاو لە چین وتی هۆنگ کۆنگ بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و دەبێت کردەوە توندوتیژەکان لەوێ بوەستێنرێن.

جێی ئاماژەیە ماوەی دوو مانگە لە هۆنگ کۆنگ خۆپیشاندان دەکرێت لەدژی حکومەتی چین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز