پۆلیسی ئاسایشی نیشتیمانی لە هۆنگ کۆنگ 11 کەس دەستبەسەر دەکات

دانیاڵ وانگ

پۆلیسی ئاسایشی نیشتیمانی لە هۆنگ کۆنگ لەمیانەی ئەرکەکانیاندا 11 کەسیان دەستبەسەر کرد، لەنێویشیاندا پارێزەرێکی دیاری بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ بە تۆمەتی یارمەتیدانی کۆمەڵێک چالاکەوان کە هەوڵیاندا بە بەلەمێک لە شارەکە هەڵبێن.

سەرچاوەیەکی باڵای پۆلیس بە فرانس پرێسی وت " بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی بە تۆمەتی یارمەتیدانی پێشێلکارەکان 11 کەسیان دەستبەسەر کردووە."

ئەفسەرێکی پۆلیس جەختی لەوە کردەوە ئەوانەی دەستبەسەرکراون گومانی ئەوەیان لێدەکرێت یارمەتی ئەو 12 چالاکەوانە دیموکراتخوازانەیان دابێت کە لە میانەی هەوڵیاندا بۆ جێهێشتنی هۆنگ کۆنگ دەستگیرکران.

ئەم دەستبەسەرکردنانەش تەنها هەفتەیەک دوای ئەوە دێت پۆلیسی ئاسایشی نیشتیمانی زیاتر لە 50 کەسی دەستگیرکرد کە زۆرینەیان چالاکەوانی دیموکراتخوازن و بە تۆمەتی کاری تێکدەرانە تۆمەتبارییان کردن.

یەکێک لەوانەی ڕۆژی پێنجشەممە دەستبەسەر کرا دانیاڵ وانگی پارێزەرە کە کەسایەتیەکی دیارە لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤدا و لایەنگری جوڵانەوەی دیموکراسیەت دەکات لە شارەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس