ڕابەری حزبوڵا دەڵێت ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە ئەگەرێکی واقیعییە

ڕابەری حزبوڵای لوبنان، حەسەن نەسڕەڵا

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، ڕابەری حزبوڵای لوبنان یەکەمین وتاری خۆیدا، دەنگی تەقەی خۆشی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بیسترا لە کاتێکدا هەزاران کەس لە گۆڕەپانێکی ناوچەکانی باشووری بەیرووت گردبوونەوە و گوێبیستی وتارەکەی حەسەن نەسڕەڵای ڕابەری حزبوڵا بوون.

وتارەکەی نەسڕەڵا ڕۆژێک دوای ئەوە هات شەڕێکی مەترسیدار لە سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان لە نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی حزبوڵادا ڕوویدا، هەروەها لە هەمان ڕۆژی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا دێت بۆ ئیسڕائیل. بلینکن و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە شەڕەکەدا دژی حەماس، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل تەوقدانی شاری غەزەیان توندتر کردەوە.

لە وتارە دوورودرێژەکەیدا، نەسڕەڵا ستایشی هێرشەکەی چوار هەفتە لەمەوبەری حەماسی کرد بۆ سەر ئیسڕائیل کە تێیدا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر گوند و شارۆچکە و شوێنە سەربازییەکانی باشووری ئیسڕائیل. زیاتر لە 1400 کەس لەو هێرشەدا کوژران.

نەسڕەڵا وتی " ئەم ئۆپەراسیۆنە مەزنە بەرفراوانە بە تەنها لە ئەنجامی پلانی فەڵەستینییەکان و جێبەجێکردنی لەلایەن فەڵەستینییەکانەوە بوو." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر ئەوەی چەکدارانی حزبوڵا هیچ دەستێکییان نەبووە لەو هێرشەدا. وتیشی " پاراستنی نهێنییەکان وایکرد ئەم ئۆپەراسیۆنە بەوشێوەیە سەرکەوتوو بێت."

وتیشی هێرشەکەی حەماس " بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی ئیسڕائیل لە تۆڕی جاڵجاڵۆکە لاوازترە " و لە دوای یەک مانگ لە جەنگەکە " ئیسڕائیل نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێک بە دەستبهێنێت."

هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا گرت بۆ ئیسڕائیل " لەسەر بۆردومانکردنی غەزە "، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 9000 فەڵەستینی. ئەمە لە کاتێکدا کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاشکرا فشار دەکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەزە. بەڵام تاوەکو ئێستا داوای ئاگربەستییان نەکردووە.

نەسڕەڵا وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن "بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی کردووە حەماس سەری منداڵانی بڕیوە، بەڵام بێدەنگ بووە لەسەر ئەوەی هەزاران منداڵی غەزە دەست و قاچییان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە پەڕیوە."

ڕابەرانی حەماس هەندێک جار بە ئاشکرا داوایان کردووە حزبوڵا بەشداربوونی لە جەنگەکەدا زیاتر بکات. هەفتەی ڕابردوو نەسڕەڵا لە بەیروت لەگەڵ بەرپرسی باڵای حەماس ساڵح ئەل ئەروری و بەرپرسی باڵای گروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینییەکان زیاد نەخالەدا کۆبووەوە.

بەڵام بەرپرسانی حزبوڵا خۆیان بە دوورگرتووە لە کێشانی هێڵێکی سووردا، دەڵێن ئەگەر ببینن حەماس لە لێواری ڕووخاندایە ئەوا بەشداری لە جەنگەکەدا دەکەن.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، حیزبوڵای هاوپەیمانی حەماس بە وریاییەوە هەنگاوی ناوە بۆ سەرقاڵکردنی سوپای ئیسڕائیل لەسەر سنووری نێوان ئەو وڵاتە و لوبنان، بەڵام بە شێوەیەک نا کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان لە نێوانییاندا.

سوپای ئیسڕائیل وتی تاوەکو ڕۆژی هەینی حەوت سەرباز و هاووڵاتییەکی سڤیلییان لە سنووری باکووری ئیسڕائیل کوژراون. زیاتر لە 50 چەکداری حیزبوڵا و 10 چەکداری گروپە چەکدارییەکانی دیکەی هاوپەیمانی حزبوڵا و 10 هاووڵاتی سڤیل، بە پەیامنێرێکی ڕۆیتەرزیشەوە، لەودیوی سنوورەکە لە لوبنان کوژراون.

سەرچاوە/ AP