بەرپرسێکی حزبوڵا دەڵێت گروپەکەی لە ناو دڵی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدایە

نەعیم قاسم

جێگری سەرکردەی حزبوڵای لوبنان شێخ نەعیم قاسم بەڵێنیدا لەسەر ئەوەی ئیسڕائیل باجێکی زۆر گەورە دەدات ئەگەر دەست بکات بە هێرشە زەمینییەکەی لە کەرتی غەززە و وتی حیزبوڵا لە ئێستادا " لە ناو دڵی جەنگەکەدایە."

لێدوانەکانی بەرپرسەکەی حزبوڵا لە کاتێکدا دێت کە ئیسڕائیل هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر باشووری لوبنان و حیزبوڵاش ڕۆکێت و موشەکی بەرەو ئیسڕائیل هەڵدا. حیزبوڵا ڕایگەیاند شەش لە چەکدارەکانی لە هێرشەکەی ڕۆژی شەممەدا کوژراون.

قاسم وتی " هەوڵ دەدەین ئیسڕائیلی دوژمن لاواز بکەین و بزانن کە ئێمە ئامادەین." بەرپرسانی حەماسیش ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەگەر ئیسڕائیل هێرشی زەمینی بکاتە سەر غەزە ئەوا حیزبوڵاش دێتە ناو شەڕەکەوە.

لە دوای هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل، هێرشەکانی ئیسڕائیل و حیزبوڵا بۆ سەر یەکتریی زیادییان کردووە.

نیگەرانی هەن لەسەر ئەوەی حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت و دەوترێت دەیان هەزار ڕۆکێت و موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆراوجۆری هەیە، هەوڵ بدات بەرەیەکی نوێ بکاتەوە لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا و هێرشی بەرفراوان بکاتە سەر باکووری ئیسڕائیل.

قاسم وتی حزبوڵای هاوپەیمانی حەماس کارییان کردووەتە سەر ئاڕاستەی ململانێکە، ئەوەش لە ڕێی گەرمکردنەوەی سنووری نێوان لوبنان و ئیسڕائیلەوە و وایکردووە سێ فیرقەی سوپای ئیسڕائیل ببەستێتەوە بە باکوورەوە، لەبری ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ شەڕکردن لە غەزە.

وتیشی " باوەڕت بەوە هەیە کە ئەگەر هەوڵی لە ناوبردنی بەرهەڵستی فەڵەستینییەکان بدەیت، بەرهەڵستکارەکانی دیکەی ناوچەکە هیچ ناکەن؟ ئێمە لە دڵی شەڕەکەی ئەمڕۆداین. دەستکەوتمان هەیە لەم شەڕەدا."

ڕۆژی هەینی سوپای ئیسڕائیل چۆڵکردنی شارێکی سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنانی ڕاگەیاند، کە ڕۆژێک پێشتر بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵاوە لە شارەکەدا سێ هاووڵاتی بریندار بوون.

دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان بڵاویکردەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیل موشەکێکی هەڵداوەتەوە دۆڵێکەوە لە ناوچەی سیجوود، کە دەکەوێتە 20 کم دوور لە باکووری سنووری ئیسڕائیلەوە. حزبوڵا دەستبەجێ هێرشەکەی پشتڕاست نەکردەوە بەڵام ئەگەر ڕاست بێت ئەوا بە پەرەسەندنێکی گەورەی جەنگەکە دادەنرێت چونکە هێرشەکە کراوەتە سەر لوبنان و دوور بووە لە سنووری نێوان دوو وڵاتەکەوە.

حزبوڵاش وتی چەکدارەکانی هێرشییان کردووەتە سەر چەندین شوێنی ئیسڕائیل و هێزی پیادەی ئیسڕائیلییان کردووەتە ئامانج و " ڕاستەوخۆ لێیان داون."

دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان بڵاویکردەوە ئیسڕائیل بۆردومانی چەندین گوندی کردووە و لە گوندی حەولاش ئوتومبێلێک ڕاستەوخۆ لێی دراوە. ئێوارەی ڕۆژی شەممەش بۆردومانەکان لە دەوروبەری خاڵێکی چاودێری ئیسڕائیل لەودیوی گوندی یارونی لوبنانەوە چڕتر بوونەتەوە.

حزبوڵا وتی ڕۆژی شەممە شەش لە چەکدارەکانی کوژراون، بەمەش لە 7 ی مانگی 10 ەوە تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوەکان لە نێو چەکدارانی حیزبوڵادا گەیشتە 19 چەکدار.

قاسم باسی لەوەش کرد لەم دوو هەفتەیەی ڕابردوودا شاندە بیانییەکان هاتوون بۆ لوبنان و داوایان لە بەرپرسانی لوبنان کردووە حزبوڵا ڕازی بکەن بەشدار نەبێت لە جەنگەکەدا. وتیشی حیزبوڵا لە وەڵامدا بۆ بەرپرسانی لوبنان وتوویەتی " ئێمە بەشێکین لە شەڕەکە."

وتی " بە هەموو ئەوانە دەڵێین کە پەیوەندیمان پێوە دەکەن: دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیل ڕابگرن تاوەکو دەرەنجام و ئەگەری پەرەسەندنی جەنگەکە بوەستێت." هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا سەردانی بەیروتییان کردووە.

سەبارەت بە هێرشە زەمینییە پێشبینیکراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە، قاسم وتی " زانیارییەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامادەیی حەماس و بەرخۆدانی چەکدارەکان هێرشە زەمینییەکەی ئیسڕائیل دەکەن بە گۆڕستان بۆیان."

سەرچاوە/ AP