ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ ئاماژەی بەوەدا چەتەکانی هایتی کە بەرپرسیارێتی ڕفاندنی ئەندامانی ڕێکخراوێکی ئاینی ئەمەریکیان ڕاگەیاندووە، داوای 17 ملیۆن دۆلار دەکەن لەبەرامبەر ڕزگارکردنیان.
بەپێی ڕۆژنامەکە، وەزیری دادی هایتی لیستز کویتڵ دەڵێت چەتەکان کە ناوی خۆیان ناوە ماۆزۆ 400، 1 ملیۆن دۆلارییان داوا کردووە بۆ هەریەک لەو 17 کەسەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕفاندوویانن، 16 هاوڵاتی ئەمەریکی و کەنەدییەک.
ڕۆژنامەکە لە زاری وەزیری دادی هایتیەوە بڵاویکردەوە ئەو کەسانەی ڕفێندراون پێنج منداڵیان تێدایە، تەمەنیان لە نێوان هەشت مانگ بۆ 15 ساڵدایە. دەڵێت لە حەشارگەیەک لە پۆرت ئو پرینس شاردراونەتەوە.
وەزیری دادی هایتی لیستز کویتڵ لە ئێستادا لە گفتوگۆدایە تاوەکو بەبێ پارەدان ئەو 17 کەسە ڕزگار بکات، کویتڵ بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵی وت " کە ئەو پارەیەمان دانێ، ئەو پارەیە بەکاردەهێندرێت بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی زیاتر."
وتیشی ماۆزۆ 400 ئەو پێنج قەشە و دوو ڕەبەنەی ڕزگار کردووە کە لە مانگی چواردا ڕفاندیانن، بەڵام دوای ئەوەی کە پارەیان تەنها بۆ دووان لە قەشەکان وەرگرتووە.
ڕۆژی دووشەممە کۆشکی سپی وتی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ( ئێف بی ئای ) لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ڕفێندراون و بە پارێزراوی بیانگەڕێنێتەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژانە زانیاری نوێی پێدەدرێت لەسەر هەوڵەکانی ئێف بی ئای و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.
ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی تیمێکی بچووکیان لە هایتی هەیە و لەنزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەمەریکی و کەنەدییانەی کە ڕفێندراون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی تیمەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەگەڵ پۆلیسی نیشتیمانی هایتی و ڕێکخراوە ئاینیەکە و ئەندامانی خێزانی قوربانیەکان و حکومەتی کەنەدادا کاردەکات.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا