سەرۆکی یۆنان مەرجەکەی سەرۆکی تورکیای ڕەتکردەوە کە گوتبووی شیانی هەیە ئەنکەرە دوو سەربازە یۆنانیـیەکە ئازادبکات، ئەگەربێت و یۆنان هەشت سەربازە تورکەکەی ڕادەستبکاتەوە.
پـرۆکۆپیس پاڤلۆپۆلۆس ڕۆژی یەکشەممە گوتی" گۆڕینەوەی دوو سەربازە یۆنانییەکە بەو هەشت سەربازە تورکەی لە یۆنانن شتێکی مەحاڵە و جێی پـرسیار نیـیە."
لە لایەکی دیکە پانۆس کاممێنۆس وەزیری بەرگری یۆنان لەسەر تویتەری فەرمی خۆی نووسیویەتی کاتێک باسی دەکرد ئەو دوو سەربازە یۆنانیـیە وەک بارمەتە دەستگیرکراون بڕوای پـێنەکراوە، بەڵام ئەم پـێشنیارەی ئەردۆغان بۆ گۆڕینەوەی سەربازەکان قسەکانی پـشتڕاستکردەوە.
Όταν μίλησα για ομηρία των Ελλήνων στρατιωτικών δέχτηκα ακόμη μια φορά επίθεση, χλευασμό δυστυχώς επιβεβαιώνομαι με την «πρόταση ανταλλαγής». Η Ελλάδα επιθυμεί την ειρηνική συμβίωση που είναι προς όφελος των Λαών μας, η άμεση απελευθέρωση των ομήρων η λύση https://t.co/QV3mfWuWbX
— Panos Kammenos (@PanosKammenos) April 22, 2018
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی شەممە لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NTV ی وڵاتەکەی گوتی "یۆنانیـیەکان داوایان لێکردین دوو سەربازەکەیان ڕادەستبکەین، بەڵام پـێمانگوتن ئەگەر شتێکی لەو شێوەیەتان دەوێت، ئەوا دەبێت یەکەم جار ئێوە سەربازەکانی فەتحوڵڵا گولەنمان ڕادەستبکەن کە دەستیان لە هەوڵی کودەتاکەدا هەبوو."
پاشان گوتی ئەگەر هەشت سەربازەکە ڕادەستبکەن، ئەوا ئەوانیش تاووتوێی ڕەوشی دوو سەربازە یۆنانیـیەکە دەکەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە دوای هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، هەشت سەربازی تورک بە هەلیکۆپتەر بەرەو یۆنان هەڵهاتن. ئەنکەرە ئەو سەربازانە بە هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباردەکات، بەڵام هەتا ئێستا دادگاکانی یۆنان ڕەتیانکردووەتەوە ئەو سەربازانە ڕادەستی ئەنکەرە بکرێنەوە.
تورکیاش لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ دوو سەربازی یۆنانی لە ناوچەیەکی سنووری باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی لەگەڵ یۆنان دەستگیرکرد بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور و هەوڵی سیخوڕی بەسەر تورکیادا، بەڵام دوو سەربازەکە و کاربەدەستانی یۆنان بە توندی ئەو تۆمەتانەی ئەنکەرە ڕەتدەکەنەوە.