وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس داوای لە هێزە بیانیەکان کرد " بەزووترین کات " خاکی لیبیا جێبهێڵن، جەختیشی کردەوە پێویستە هەلێک بدرێت بە گەلی لیبیا تاوەکو خۆی چارەنووسی خۆی دیاریبکات.
وەزیری دەرەوەی یۆنان بە سەردانێکی فەڕمی گەیشتە بنگازی کە دووەم گەورەترین شارە لە لیبیادا و لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی یەکگرتووی نیشتیمانی حسێن قەترانیدا کۆبۆوە.
واچاوەڕوان دەکرێت دواتر لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لیبیاشدا کۆببێتەوە.
دیندیاس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ قەترانی لە بنگازی وتی " دووبارە دەیڵێینەوە چارەسەرەکە لە پشتیوانیکردنی سەروەری لیبیا و کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانیەکاندایە، دەبێت ئەوەش بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت."
وتیشی " دەبێت ڕێگە بدرێت گەلی لیبیا بە تەنها بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات."
لەلای خۆیەوە قەترانی پێشوازی لە هەڵوێستەکانی یۆنان کرد بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری سیاسی.
وتی " ڕۆڵی یۆنان بەرز دەنرخێنین لە پشتیوانیکردنی لیبییەکاندا لەڕێی پیشاندانی هەڵوێستی ئەرێنیەوە، ئەنجامەکەی چارەسەری سیاسیی و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بوو."
سەرچاوە/ فرانس پرێس