بەرپرسێکی هیندستان دەڵێت بەهۆی دزەکردنی گازەوە یانزە کەس گیانییان لە دەستداوە، ئەمەش لە نوێترین ڕووداوی کوشندەی پیشەسازیدا لەو وڵاتە.
ڕووداوی دزەکردنی گازەکە لە ناوچەی گیاسپورای پیشەسازی لودهیانا ڕوویداوە، کە دەکەوێتە باکووری ویلایەتی پونجابەوە.
کۆمسیاری پۆلیسی لودهیانا، ماندیپ سینگ سیدو بە ڕۆژنامەنووسانی وت " یانزە حاڵەتی گیان لە دەستدان پشتڕاست کراونەتەوە." وتیشی چوار کەسیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەروەها وتی تاوەکو ئێستا دڵنیا نەبوونەتەوە لە هۆکاری دزەکردنی گازەکە. ئەوەشی خستەڕوو " کاتێک نموونەی خوێنەکە لەگەڵ ئەو نموونەیەی تیمی هێزی کاردانەوەی کارەساتە نیشتیمانییەکان وەریدەگرێت دەگونجێت، تەنها ئەو کاتە دەتوانین هۆکاری تەواوی ڕووداوەکەتان پێبڵێین."
کەناڵی ئێن دی تی ڤی وتی پێنج ژن لە نێو ئەوانەدا بوون کە گیانیان لە دەستداوە. وتیشی شەش قوربانییەکەی دیکە دوو منداڵی تەمەن 10 و 13 ساڵییان تێدا بووە.
دزەکردنی گازی پیشەسازی لە هیندستان ڕووداوێکی باوە و هۆکارەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ لاوازی ڕێکارەکانی پارێزراوی و ناکاریگەریی پشکنینەکان.
لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دزەکردنی گازەوە لە وێستگەیەکی کارگەی دروستکردنی پۆشاک لە ویلایەتی ئاندهرا پرادیشی باشووری هیندستان لانیکەم 112 ژن گوسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
کەناڵی ئێن دی تی ڤی وتی لە مانگی شەشی هەمان ساڵدا ڕووداوێکی هاوشێوە ڕوویدا کە تیایدا نزیکەی 200 ژن دوای دزەکردنی گاز لە هەمان ناوچەدا بێهۆش بوون.
لە ساڵی 2020 دا بەهۆی دزەکردنی گازەوە لە وێستگەیەکی کیمیایی لە شاری ڤیساخاپاتنامی هەمان ویلایەت لانیکەم 15 کەس گیان لە دەستدا و سەدان کەسی دیکە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
نزیکەی 1000 کەس گازەکە لێیدابوون و زیاتر لە 500 کەس گواسترابوونەوە بۆ نەخۆشخانەکان و سەرجەمییان نیشانەی توندی هەناسەدان و خورانی پێست و چاوییان تیادا دەرکەوتبوو.
چەند ڕۆژێک دوای دزەکردنی گازەکە لە وێستگە کیمیاییەکەدا لانیکەم 1000 کەس کە لە دەوروبەری وێستگەکە دەژیان گیانیان لە دەستدا، تاوەکو ئەمڕۆش خەڵکەکە بە دەست کاریگەریی گازەکەوە دەناڵێنن.
تاوەکو ئێستاش منداڵان بە شێواوی لە دایک دەبن، پێ و دەستەکانیان بە شێوەی تۆڕیین و بەهۆی کاریگەریی گازەکەوە لەسەر دایکییان توشی کێشەی گەشەکردن بوون.
سەرچاوە/ فرانس پرێس