هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا و ئەگەری سەرکەوتنی ڕاستڕەوە توندەکان

فەڕەنساییەکان ڕۆژی یەکشەممە لە یەکەم خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەدا بەرەو سندووقەکانی دەنگدان ڕۆیشتن، هەڵبژاردنەکە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی یەکەمین حکومەتی ڕاستڕەوی توند لە وڵاتەکەدا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وڵاتەکەی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک داوای هەڵبژاردنی کرد دوای ئەوەی هاوپەیمانێتیەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپای ئەم مانگەدا لەلایەن پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی مارین لوپینەوە شکستێکی گەورەی خوارد. پارتەکەی لوپین کە دژی کۆچبەرانن و دژایەتی پێدانی دەسەڵاتێکی زۆر دەکەن بە یەکێتی ئەوروپا، لە ئێستاشدا زیاد لە هەموو کات پێشتر نزیک بوونەتەوە لە وەرگرتنی دەسەڵات لە فەڕەنسادا.

ڕۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەڕەنسا لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکەدا دەستیپێکرد، پێشبینیش دەکرێت هەفتەی داهاتوو خولی دووەم و یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.

بەڵام سیستمی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت وابکات دابەشکردنی 577 کورسییەکەی پەرلەمان قورس ببێت، دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانیش هەتاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنەکان لە 7 ی مانگی حەوتدا ناتوانرێت بزانرێت.

لوپین ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێککەوتنێکی ڕۆژنامەیەکدا وتی " زۆرینەی دەنگەکان بە دەست دەهێنین." پارتەکەی لوپین پڕۆگرامێکی ئابوورییان هەیە کە خەرجییەکی زۆری بۆ دیاریکراوە و هەوڵیش دەدات کۆچ کەم بکاتەوە. مارین لوپین پێشبینی ئەوەی کرد کە جۆردان باردێلای تەمەن 28 ساڵی هاوەڵی ببێتە سەرۆک وەزیری فەڕەنسا.

ئەگەر پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بهێنێت، ئەوا دیبلۆماسی فەڕەنسا ڕەنگە بەرەو ماوەیەکی بێپێشینە لە کێشە بڕوات، لە کاتێکدا کە ماکرۆن بەردەوام دەبێت لە سەرۆکایەتییەکەی هەتاوەکو کۆتایی خولەکەی لە ساڵی 2027 دا.

فەڕەنسا لە مێژووەکەی دوای جەنگدا سێ ماوەی " پێکەوە ژیانی " هەبووە - کاتێک سەرۆک و حکومەت لە دوو لایەنی سیاسیی پێچەوانەی یەکتر بوون - بەڵام هیچ کامێکییان هێندەی ئەمجارە لە بۆچوون و دیدییان بۆ جیهان دژ بە یەکتر نەبوون و هەرگیز بەو جیاوازییە زۆررەوە کێبڕکێیان نەکردووە لەسەر دەسەڵات.

برادێلا پێشتر ئاماژەی بەوە داوە کە ڕووبەڕووی ماکرۆن دەبێتەوە لەسەر پرسە جیهانییەکان. دەکرێت فەڕەنسا لە پایەیەکی یەکێتی ئەوروپاوە بگۆڕێت بۆ چقڵێک لەسەر ڕێگای یەکێتی ئەوروپا، داوای جارێکی دیکە گفتوگۆکردن دەکاتەوە لەسەر یارمەتییەکانی فەڕەنسا بۆ بودجەی یەکێتی ئەوروپا، ڕووبەڕووی بڕۆکسل دەبێتەوە لەسەر کارەکانی کۆمسیۆنی ئەوروپا، داواکانی ماکرۆن بۆ یەکگرتووییەکی زیاتری یەکێتی ئەوروپا و سووربوون لەسەر بەرگرییەکەی هاوبەش پێچەوانە دەکاتەوە.

سەرکەوتنی گردبوونەوەی نیشتیمانی ڕەنگە ببێتە هۆی خستنەوەی نادیارییەک لەسەر هەڵوێستی فەڕەنسا لەسەر جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. لوپین مێژوویەکی هەیە کە تێیدا هاوسۆزی بۆ ڕووسیا دەرخستووە و لە کاتێکدا کە ئێستا پارتەکەی دەڵێت پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات لە بەرگریکردن لە خۆی دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، لە هەمان کاتیشدا هێڵی سووری داناوە، لەوانەش: ڕەتکردنەوەی پێدانی موشەکی مەودا دوور بە ئۆکرانیا.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا وتی تاوەکو ئێستا ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر بوون بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەدا لە ساڵی 2022 دا.

بەپێی ڕاپرسییەکان، گردبوونەوەی نیشتیمانی ڕەنگە بە ئاسانی ببێتە پێشەنگ و لە سەدا 33 بۆ 36 ی دەنگەکان بە دەست بهێنێت، بەرەی نیو پۆپیولەری چەپەکانیش کە هاوپەیمانێتییەکی چەپەکانە و بەپەلە پێکهێندراوە پلەی دووەم بە دەست دەهێنێت و لە سەدا 28-31 ی دەنگەکان بە دەست دەهێنێت، هاوپەیمانییە مامناوەندەکەی ماکرۆنیش لە پلەی سێیەمدا دەبێت و لە سەدا 20 بۆ 23 ی دەنگەکان بە دەست دەهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز