فەڕەنسا کۆمەڵێک شارەزا دەنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە

ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی فەڕەنسا کۆمەڵێک شارەزا دەنێرێت بۆ یارمەتیدان لە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.

کۆشکی ئیلیزیێە وتی ماکرۆن بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و بە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمانی ڕاگەیاندووە فەڕەنسا پابەندە بە سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " وەکو وەڵامێک بۆ داواکەی سعودیە، سەرۆک ماکرۆن بە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمانی ڕاگەیاندووە فەڕەنسا کۆمەڵێک شارەزا دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا کە ئامانج لێیان ئاشکراکردنی سروشت و سەرچاوەی هێرشەکەیە."

فەڕەنسا دەڵێت ئەو هێرشەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لەوانەیە زیان بە هەوڵەکانی فەڕەنسا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بگەیەنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز