کەشتی فڕۆکە هەڵگری فەڕەنسی شاڕڵ دیگۆل بەمزووانە دەگەڕێتەوە دەریای ڕۆژهەڵاتی ناوەند

پاریس ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی دژی ڕێکخراوی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا، کەشتی فڕۆکە هەڵگری شاڕڵ دیگۆل لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا دەست دەکاتەوە بە ئەرکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەند و زەریای هیندیدا.

وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرانس پارلی لەبەردەم لیژنەی بەرگریدا وتی " ئەرکی دواتری کەشتی فڕۆکە هەڵگری شاڕڵ دیگۆل پتەوکردنی هێزە هاوبەشەکانمان دەبێت لە ئەرکی شامال." ئەرکی شامال بەشە ئەرکی فەڕەنسایە لە ئەرکە سەربازییە نێودەوڵەتیەکان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی ڕێکخراوی داعش لە عێڕاق و سوریا.

وتیشی " کەشتیە فڕۆکە هەڵگرەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021 دا لە دەریای سپی ناوەند و زەریای هیندیدا جێگیر دەکرێت، ئەم پابەندبوونەش جەخت لە ئیرادەمان دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بەبێ مەرج."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا " لە چوارچێوەی ئەرکی شامالدا نزیکەی 900 سەرباز دژی داعش دەجەنگن."

لە ماوەی ڕابردووشدا پارلی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە " دووبارە سەرهەڵدانەوەی " ڕێکخراوی داعش لە عێڕاق و سوریادا.

ڕۆژی یەکشەممە پارلی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆندا وتی " فەڕەنسا پێی وایە داعش هێشتا بوونی هەیە. تەنانەت دەتوانین باس لە شێوەیەک لە شێوەکانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بکەین لە عێڕاق و سوریادا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس