یەکێتی ئەوروپا داوا لە ڕوسیا و تورکیا و ئێران دەکات کۆتایی بە شەڕ بهێنن لە سوریا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی پەیامێکی نارد بۆ وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا و تورکیا و ئێران و تیایدا داوای لێکردن گرەنتی وەستانی شەڕ بدەن لە غوتەی ڕۆژهەڵات و ڕێگە بدەن یارمەتییەکان بچنە ناوچە گەمارۆدراوەکانەوە.

موگیرینی وەکو سەرپەرشتیاری دانوستانەکانی ئاشتی سوریا لە ئەستانە داوای لەو سێ وڵاتە کرد " ئاگربەستە مرۆییەکە جێبەجێ بکەن بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لەسەریەک لە سەرتاسەری سوریادا."

لە پەیامەکەدا موگیرینی داوای لە سێ وڵاتەکە کردووە هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرنە بەر بۆ گرەنتی کردنی وەستانی شەڕ و پاراستنی گەلی سوریا و لە کۆتایدا گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و دەرهێنانی بریندارەکان و چارەسەرکردنیان."

موگیرینی لە پەیامەکەیدا کە بەهەمان شێوە بۆ هەموو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشی ناردووە دەڵێت وەستاندنی شەڕ هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئاشتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕابەرایەتی دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز