کۆمسیۆنی ئەوروپا: یەکێتی ئەوروپا سزای بەهێزی ئامادەکردووە بۆ ڕووسیا

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین بە ڕۆژنامەکانی هانسلبلات و لێس ئێکۆسی وت یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێک سزای " بەهێز و گشتگیری " بۆ ڕووسیا ئامادەکردووە ئەگەر مۆسکۆ بەردەوام بێت لە دوژمنکارییەکانی بەرامبەر ئۆکرانیا.

ڕووسیا کە لە ساڵی 2014 دا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای بەشێوەیەکی نایاسایی گرتەخۆی و پشتیوانی لە هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکات، زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیر کردووە و داوای لە ناتۆ کردووە ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا و هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە.

ڤۆن دێر لین وتی " کۆمەڵێک سزای دارایی و ئابووری بەهێز و گشتگیرمان ئامادەکردووە." ئاماژەشی بەوەدا کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەی ڕووسی بەتایبەتی کەلوپەلە تەکنینیەکان یەکێک دەبن لە سزاکان.
وتیشی پڕۆژەی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسیش سزاکان دەیگرێتەوە، ئاماژەشی بەوەدا چالاکبوونی پڕۆژەکە پەیوەستە بە " ڕەفتارەکانی ڕووسیاوە."

جێی ئاماژەیە پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی ئەگەر چالاک بکرێت ئەوا ڕاستەوخۆ گازی سروشتی ڕووسی ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکات. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا پڕۆژەکەی پەسەند نەکردووە.

وتیشی " خەڵکانی نزیک لە پوتن و هاوڕێ دەسەڵاتدارەکانیشی بەشێوەیەکی هەستیار دەکرێنە ئامانج."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز