یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی ئێراندا دەسەپێنێت

دیبلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاند حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕازیبوون لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر نۆ بەرپرسی ئێرانیدا، بە وەزیری بەرگری ئێران محەمەد ڕەزا ئاشتیانیشەوە، ئەوەش لەسەر پێدانی دڕۆن بە ڕووسیا، کە مۆسکۆ لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکارییان دەهێنێت.

ڕێککەوتنەکە کە لەلایەن باڵیۆزەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە لە بڕۆکسل واژۆ کراوە، ڕۆژی دووشەممە دوای ئەوەی لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتییەکەوە پەسەند دەکرێت ڕادەگەیەندرێت.

دیبلۆماتکارێک وتی " لە ڕێککەوتنەکەدا نۆ کەس خراونەتە لیستی سزاکانەوە لەسەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران. هێشتا تاوتوێی هەندێک وردەکاری تەکنیکی دەکرێت، بەڵام ( بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ ) بۆڕێڵ ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەدا ڕێککەوتنە سیاسییەکە ڕادەگەیەنێت."

دیبلۆماتکاری دووەم ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە وەزیری بەرگری ئێران محەمەد ڕەزا ئاشتیانی خراوەتە لیستی سزاکانەوە.

سزاکان قەدەغەکردنی گەشتی ئەو کەسانە بۆ یەکێتی ئەوروپا و سڕکردنی سەرمایەکانییان لە یەکێتییەکە دەگرێتەوە، هەروەها دابینکردنی پارە یاخود سەرچاوەی ئابووریی بۆ ئەو کەسانەی کە خراونەتە لیستەکەوە قەدەغە دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز