وەزیرانی بەرگری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی لە بڕۆکسل کۆبوونەوە و داوایان لە هاوپەیمانانی ئۆکرانیا کرد ئەو چەکانە بگەیەننە ئۆکرانیا کە بەڵێنیانداوە، ئەوەش لە پێناو پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا. هاوکات دیبلۆماتکاری باڵای ئۆکرانیا داوای لە بەڕیتانیا و ئەمەریکا کرد کۆتوبەندەکانییان لاببەن لەسەر بەکارهێنانی چەکەکانییان لەلایەن ئۆکرانیاوە بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا.
وەزیری بەرگری ئیستۆنیا هانۆ پێڤکور وتی لەشکرکێشییەکەی ئەمدواییەی ئۆکرانیا بۆ ناو هەرێمی کورسکی ڕووسیا بە ئاڕاستە ڕاستەکەدا دەڕوات، بەڵام وتی ئۆکرانیا ئەوە بە " دەستی بەستراو " دەکات، چونکە پێویستی بە چەکی زیاترە. هەروەها داوای لە هاوتاکانی کرد ئەو چەکانەی بەڵێنیانداوە بیدەن بە ئۆکرانیا بیانگەیەننە ئەو وڵاتە.
وەزیری بەرگری هۆڵەندا ڕوبن برێکلمانس وتی وڵاتەکە نزیکە لە گەیاندنی سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆتەوە وەکو چۆن بەڵێنیداوە بە ئۆکرانیا.
وەزیرانی بەرگری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا باسیشیان لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری F-16 دروستکراوی ئەمەریکا کرد. ڕۆژی پێنجشەممە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 کە ئۆکرانیا لە هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانییەوە وەریگرتووە کەوتووەتە خوارەوە.
وەزیری بەرگری سوید پۆڵ جۆنسن وتی ئەم شتانە لە ماوەی جەنگدا ڕوودەدەن و " شتێکی گرنگ نیە."
سوپای ئۆکرانیا وتی فڕۆکە شەڕکەرەکە ڕۆژی دووشەممە کەوتووەتە خوارەوە، کاتێک ڕووسیا ژمارەیەکی زۆر موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئۆکرانیا کرد. فڕۆکە شەڕکەرەکە لە کاتێکدا کەوتووەتە خوارەوە کە وەڵامی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیای داوەتەوە. فڕۆکەوانەکە گیانی لە دەستداوە.
سەرکردەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا میکۆلا ئۆلیشچوک وتی ڕاپۆرتێکی سەرەتایی دەربارەی کەوتنە خوارەوەکە دراوە بە ئەمەریکا و هاوبەشەکانی ئەمەریکاش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێباش ئامادەی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا دەبێت و وتی داوا لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا دەکەم داوا لە بەڕیتانیا و ئەمەریکا بکەن کۆتوبەندەکانییان لاببەن لەسەر بەکارهێنانی چەکە مەودا دوورەکانییان دژی ئامانجە " ڕەواکان " لە ناو خاکی ڕووسیا.
ئەمەریکا و بەڕیتانیا کۆتوبەندییان خستووەتە سەر بەکارهێنانی ئەو چەکە مەودا دوورانەی کە داوییانە بە ئۆکرانیا، ئەوەش لە ترسی پەرەسەندنی ململانێکە لەگەڵ ڕووسیادا. پێشتر لەم ساڵدا بەرپرسانی ئەمەریکا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕێگە بە ئۆکرانیا بدەن چەکەکانییان بەکاربهێنن بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکان لە ناو ڕووسیادا وەکو وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر شاری خارکیڤی ئۆکرانیا، بەڵام کۆتوبەندەکانی دیکەی لانەبردووە.
بڕیارە ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ڕوستیم ئومیرۆڤ لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستندا کۆببێتەوە و ئەو بابەتەش ڕەنگە بەشێک بێت لە گفتوگۆکان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا