دیپلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی بە بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵی وت یەکێتی ئەوروپا دەبێت "ڕوونکردنەوەی زیاتر " بدات لەسەر هەڵوێستەکەی بەرامبەر هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ چیندا. ئەمەش لە کاتێکدا کە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردووە پشتبەستن بە چین کەم بکرێتەوە.
دەستپێکردنی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیری نێوان یەکێتی ئەوروپا و چین لە ساڵی 2003 دا بەڵێنێک بوو بۆ زیادکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایەنەکە لەسەرو بازرگانی و وەبەرهێنانیشەوە. بەڵام لە ساڵی 2019 وە یەکێتی ئەوروپا چینی بە "ڕکابەرێکی ئابووری و سیستماتیک" ناوبردووە و هەروەها پەیوەندییە نزیکەکانی پەکینیش لەگەڵ مۆسکۆدا دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی ناوەندی کاروباری دەرەوەی چین بە بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وت چین و یەکێتی ئەوروپا دەبێت پەیوەندییەکان پتەوتر بکەن و پەرە بە متمانەی هاوبەشی نێوانییان بدات و هاریکارییەکان قووڵتر بکەنەوە.
مانگی ڕابردوو ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا پابەندی خۆیان دەربڕی بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چینەوە، هەروەها تاوتوێی ئەوەیان کرد چۆن هاوسەنگی بکەن لە نێوان کەمکردنەوەی مەترسییەکان و هاریکاریکردن لە بوارەکانی وەکو گۆڕانی کەش و هەوادا. لە مانگی سێدا سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین وتی توندبوونی هەڵوێستی چین پێویستی بەوەیە ئەوروپا لە ڕیی ئابووری و دیپلۆماتییەوە مەترسییەکان کەم بکاتەوە.
کۆمسیۆنەکە داوا لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپاش دەکات ڕێکبکەون لەسەر کۆنتڕۆڵێکی بەهێزتر لەسەر هاوردەکان و هەناردەکردنی تەکنەلۆجیا سەربازییەکان بۆ " ئەو وڵاتانەی کە جێی نیگەرانین."
وانگ لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بۆڕێڵ داوای لە هەردوولا کرد ڕێگری بکەن لە بە سیاسەتکردنی پرسە ئابوورییەکان و بەکارهێنانی "کەمکردنەوەی مەترسییەکان " وەکو دەستەواژەیەکی دیکە بۆ " جیابوونەوە."
وانگ وتی لە ڕووی بەرژەوەندییەوە هیچ ململانێیەکی بنچینەیی نیە لە نێوان چین و یەکێتی ئەوروپادا.
بۆڕێڵ لە تویتەر نوسیویەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ وانگ ییدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا چین " بونیادنەرانە " بووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
دیپلۆماتکاری باڵای چین داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات هەڵوێستی خۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕوون بکاتەوە
وانگ یی- بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی ناوەندی کاروباری دەرەوەی چین