ئەردۆغان دەڵێت لە ڕێککەوتندایە لەگەڵ پوتن لەسەر درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا لە ڕێککەوتندایە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنێک کە تێیدا ڕێگە دەدات گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانییەوە لە دەریای ڕەش ڕەوانەی دەرەوە بکرێت.

ڕێککەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە ڕێی دەریای ڕەشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 17 ی مانگی حەوتدا بەسەردەچێت، ئەردۆغان بە ڕۆژنامەنووسانی وت لە ئەنجامی هەوڵەکانی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هیوای ئەوەین ڕێککەوتنەکە درێژ بکرێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە وتەبێژێکی یەکێتی ئەوروپا وتی کۆمسیۆنی ئەوروپا یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا دەدات لە هەوڵیدا بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم و کراوەیە بە ڕووی " تاوتوێکردنی سەرجەم چارەسەرەکاندا."

لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 دا ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ڕێڕەوێکی پارێزراو لە دەریای ڕەشدا بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، ڕووسیا و ئۆکرانیا دوو وڵاتی سەرەکی هەناردەکاری گەنمن لە جیهاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز