سەرۆکی تورکیا دەڵێت لە شەڕی دژی پەکەکە بەردەوام دەبن

سەرۆکی تورکیا بەڵێنی داوە هێزەکانی لەشکر و ئاسایشی وڵاتەکەی بەبێ وچان بەردەوام بن لە شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە).

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە ڕاگەیاندنێـکیدا بەبۆنەی ساڵی نوێـیەوە گوتی هێزەکانی لەشکر و ئاسایش بست بە بستی خاکی وڵاتەکە لە ئەندامانی پەکەکە پاک‌دەکەنەوە، وە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ لەناوبردنیان."

جەختی لەوەش کرد وڵاتەکەی ئەو سەرچاوە و توانایەی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕی پەکەکەدا. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ماوەی سـاڵی 2015 نزیکەی 3100 ئەندامی پەکەکەیان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا کوشتووە.

حکومەتی تورکیا لە مانگی حەوتەوە ڕایگەیاند شەڕی داعش و پەکەکە لە یەک کاتدا دەکات، بەڵام هەتا ئێستا لە هێرشەکانی سنگی خستووەتە سەر پەکەکە. ناوچە کوردیـیەکانیش دووچاری توندوتیژیـیەک بوونەتەوە کە لەوەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە ڕەوشی وەها خراپـیان بەخۆیانەوە نەدیوە.