وەزیرێکی میسڕ: میسڕ کێڵگەیەکی گەورەی گازی لە دەریای ناوەند دۆزیوەتەوە

وەزیری نەوتی میسڕ تاریق ئەل مولا دەڵێت میسڕ کێڵگەیەکی گەورەی گازی لە دامەزراوەی نارگیس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند دۆزیوەتەوە.

وەزیرەکە بە لیژنەیەکی پەرلەمانی وت هێشتا هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن بۆ دڵنیا بوون لە یەدەگەکانی کێڵگەکە.

دامەزراوەی نارگیس یەکێکە لەو چوار دامەزراوە دەریاییانەی کە دەگەڕێن بەدوای گازدا و کۆمپانیای شیڤرۆن لەگەڵ کۆمپانیای تەروا پیتڕۆڵیۆمدا پشکییان هەیە تیایدا و کاری تێدا دەکەن.

لەم مانگەدا ئاماری ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەدا قەبارەی بیرە نوێیەکە 3.5 تریلیۆن پێ سێجا گازە.

بەرپرسانی میسڕ ڕەتییان کردەوە وردەکاری دۆزینەوەکە پشتڕاست بکەنەوە.

دۆزینەوەکە ڕەنگە ببێتە هۆی پتەوکردنی هەوڵەکانی میسڕ بۆ بوون بە ناوەندێکی وزە لە ناوەڕاستی دەریای ناوەنددا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 دا میسڕ دۆزینەوەی کێڵگەی زەبەلاحی گازی زۆهری لەلایەن کۆمپانیای ئینیەوە ڕاگەیاند.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز