CPJ دەڵێت زیندانیکردنی بە سەدان لە ڕۆژنامەوانان لە جیهان بووەتە شتێکی ئاسایی

کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ دەڵێت مەسەلەی زیندانیکردنی بە سەدان لە ڕۆژنامەوانان بووەتە شتێکی ئاسایی و لە ئێستادا وا بۆ سێ ساڵە لەسەر یەک زیاتر لە 250 ڕۆژنامەوان لە جیهاندا لە زینداندان.

کۆمیتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت تورکیا بە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانان لە جیهاندا ماوەتەوە.

سەبارەت بە چین و میسر و عەرەبستانی سعودیـیە دەڵێت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لەو سێ وڵاتە ڕۆژنامەوانی زیاتر خراونەتە زیندانەوە.

ڕاپـۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات نیوەی ڕۆژنامەوانە دەستگیرکراوەکانی جیهان لە تورکیا و چین و میسرن. دەشڵێت 70% ی ئەو ڕۆژنامەوانانە تاوانبارکراون بە دژایەتیکردنی دەوڵەت، وەکو ئەندامێتی لە نێو ئەو کۆمەڵانەی دەوڵەت بە ڕێکخراوی تێرۆرستیان ناودێردەکات.

باس لەوەش دەکات بەشێک لە ڕۆژنامەوانانیش تاوانبارکراون بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ.