هەتا ئێستا لە کەرکوک 177 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کەرکوک، دەڵێت ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات، هۆکاری ئەمەش بۆ خۆنەپاراستن و پابەند نەبوونی خەڵک بە ڕێنماییە تەندروستیەکان دەگێڕێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەباح کاکەیی کە هاوکات ئەندامی شانەی قەیرانە تەندروستیەکانی کەرکوکە، ئامارەکانی توشبووانی کۆرۆنا دەخاتەڕوو، دەڵێت"تا ئێستا 3284 کەس لە کەرکوک توشی کۆرۆنا بوون، 1585 کەسیان، نەخۆشیەکەیان تێپەڕاندووە، بەڵام 177 کەس گیانیان لەدەستداوە."

دکتۆر سەباح کاکەیی، ڕوونیکردەوە 120 توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی کەرکوکن، کە 50 کەسیان پەتای کۆرۆنایان بەقورسی گرتووە و نیشانەکانیان لەسەر دەرکەوتووە، وتی"لەو 50 نەخۆشە، 18 نەخۆشیان لەژێر چاودێریدان و 6 کەسیشیان لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردان."

بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە تەندروستی کەرکوک، ڕوونیکردەوە 80% ی ئەوانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لەکەرکوک، تەمەنیان سەرووی 60 ساڵ بووە، نەخۆشی تری وەکو فشاری خوێن و شەکرە و گرفتی سیەکانیان هەبووە.

ئەوەی بەلای دکتۆر سەباح کاکەییەوە مایەی سەرسوڕمانە، بەشێک لە نەخۆشەکان گەنجن، بەقورسی دووچاری کۆرۆنا دەبن و هەندێکیشیان گیان لەدەست دەدەن، لەکاتێکدا هەندێک نەخۆشی تری بەتەمەن هەن، کە نەخۆش و ماندوون، کەچی ڤایرۆسەکە بە ئاسانی تێدەپەڕێنن، وتی"نەخۆشمان هەیە تەمەنی 30 ساڵ بووە و گیانی لەدەستداوە، هەشمانە 80 ساڵە و نەخۆشیەکەی تێپەڕاندووە، ئەمە لوغزێکە و هێشتا پەیمان بە هۆکارەکەی نەبردووە."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەباح کاکەیی بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لەکەرکوک، هۆکاری خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لەکەرکوک، بۆ خۆنەپاراستن و پابەند نەبوونی خەڵک بە ڕێنماییە تەندروستیەکان گێڕایەوە، وتی"هێشتا خەڵکانێک هەن، بڕوایان بە نەخۆشیەکە نیە و بەگەمەی سیاسی دەبینن."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر