چین دەڵێت کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکادا

چین دەڵێت کراوەیە بە ڕووی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکادا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئاسایشی ناوچەکە لە کەمبۆدیا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت.

وەزیری بەرگری چین وێی فینگی و وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێشتر بە جیا ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە کە هەردووکیان ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن لەگەڵ وەزیرانی بەرگری وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی بەرگری چین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە کراوە کە ئایا دوو وەزیرەکە کۆدەبنەوە یاخود نا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین تان کێفی وتی " چین هەڵوێستێکی چالاک و کراوەی هەیە بە ڕووی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکادا."

وتیشی هەردوولا هەماهەنگی دەکەن بۆ " گفتوگۆکردن " لە کۆڕبەندەکەدا، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت.

لە دوای سەردانەکەی مانگی هەشتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسییەوە بۆ تایوان و ڕاگرتنی گفتوگۆ سەربازییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا لەلایەن چینەوە وەکو وەڵامێک بۆ سەردانەکەی پیڵۆسی، ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان دوو وڵاتەکە دەبێت لەسەر ئاستی سەربازی.

چین تایوانی دیموکرات بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەهۆی کۆمەڵێک بابەتەوە خراپتر بوون، لەوانەش بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ و تایوان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز