چین پلانەکانی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە سەبارەت بە سزاکانی ئێران

چین پلانەکانی ئەمەریکای ڕەت کردەوە بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەپێندراوە بەسەر تاراندا. ئەمەریکا دەشڵێت لە کاتێکدا ئەو پلانانە سەرکەوتوو نەبوون ئەوا هەموو سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەسەپێنێتەوە بەسەر تاراندا.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک بە ئاشکرا جەختی لە ستراتیژییەتی ئەمەریکا کردەوە بەرامبەر ئێران کە دوو هەفتە لەمەوبەر بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ئەمەریکا پلانەکەی بە بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕاگەیاندووە.

شاندی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 مانای ئەوەیە ئەمەریکا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ساڵی 2015 دەرکراو و پشتگیری لە ڕێکەوتنەکە کرد " شکستی هێناوە لە پابەندبوون بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە "

بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە کە لەنێوان ئێران و فەڕەنسا و ئەمەریکا و چین و بەڕیتانیا و ڕوسیا و ئەڵمانیادا واژۆ کرا هەندێک لە سزاکانی سەر ئێران لابران، لەبەرامبەریشدا سنوورێک داندرا بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوەکی لەلایەن ئێرانەوە. بەپێی ڕێکەوتنەکە، ئەگەر ئێران ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات ئەوا هەموو سزاکان دەبێت بسەپێنرێتەوە بەسەریدا، بە قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکیشەوە.

شاندی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا " ئەمەریکا مافی ئەوەی نیە قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران درێژبکاتەوە، ئەوە هەر هیچ مافی ئەوەی نیە سزاکانی دیکە بگەڕێنێتەوە. پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە تەنها ڕێگەیە تاوەکو بەرەو پێشەوە بڕۆین."

بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ماوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران لە مانگی 10 دا بەسەردەچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز