جەنەڕاڵێکی ئەمەریکا: چاد ڕازیبووە بە هێنانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا

جەنەڕاڵ کێنیث ئێکمان

ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ چاد دوای ئەوەی نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر لەو وڵاتە کشانەوە.
جەنەڕاڵ کینیث ئێکمان کە سەرپەرشتی کشانەوەی ئەمدواییانەی هێزەکانی ئەمەریکای کرد لە نایجەر لەسەر داوای سەرکردەی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفریکا جەنەڕاڵ مایکڵ لانگلی، لە چاوپێککەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا وتی " گەیشتووین بە ڕێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی سنووردار لە سەربازانی هێزە تایبەتەکان."

وتیشی " ئەوە بڕیارێکی سەرۆکایەتی بووە لەلایەن سەرۆکی چاد مەهەمەت دێبییەوە، بەڵام بڕیارەکە دراوە، ئێستاش لەسەر وردەکارییەکان کاردەکەین لەسەر چۆنێتی گەڕانەوەمان."

لە مانگی چواردا ئەمەریکا نزیکەی 70 سەربازی هێزە تایبەتەکانی لە چاد کشانەوە پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی چاد. دێبی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت و دواجار بڕیاریدا ڕێگە بدات هێزەکانی ئەمەریکا بگەڕێنەوە بۆ چاد، ئەم بڕیارەش لەمدواییانەدا بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفریکا وتراوە.

ئێکمان بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەو ئاڕاستەیەی کە چاد گرتوویەتییەبەر زۆر گرنگە." بە تایبەتی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە چاد کە ڕۆژی یەکشەممە بە فەڕمی کۆتایی هات لەگەڵ دەرچوونی لە نیامیش.

سەرکردەی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفریکا جەنەڕاڵ مایکڵ لانگلی وتوویەتی کە هێزەکانی دەستییان کردووە بە " ڕێکخستنەوە و هەڵسەنگاندن " لە ناوچەکەدا.

پێش کودەتاکەی نایجەر، ئەمەریکا سەدان سەربازیی لە دوو بنکەدا هەبوو کە وەکو دوو ناوەندی گەورەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کارییان دەکرد. بورکینا فاسۆ و مالیش میوانداری تیمەکانی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکایان کردووە پێش ئەوەی کودەتا لەو وڵاتانەدا ئەنجام بدرێت، کودەتاکان پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانەیان لەگەڵ ئەمەریکادا تێکدا و دواجار ئەمەریکا دەستڕاگەیشتنی بە ناوچە سەرەکییەکان لە دەستدا، ئەو ناوچانەی کە دەیتوانی لێیانەوە چاودێری گروپە تیرۆریستییەکان بکات و لە هەمان کاتیشدا مەشق بە هێزە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە بکات.

بەپێی یاساکانی ئەمەریکا، کودەتاکان ڕێگری دەکەن لە هاریکاریی ڕاستەوخۆی سەربازیی نێوان سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفریکا و ئەو وڵاتانەی کە کودەتایان تێدا ئەنجام دەدرێت.

دوای کشانەوەی لە مالی و بورکینا فاسۆ و نایجەر، ئێستا وڵاتانی وەکو کواتیڤوار و نایجیریا و گانا و بێنین و چاد ستراتیژی دژە تیرۆری ئەمەریکا دیاری دەکەن لە ڕۆژئاوای ئەفریکادا.

ئێکمان وتی " هەر هاوبەشێکییان نیگەرانی تایبەتی ئاسایشی خۆیان هەیە. هەروەها خۆشییان بڕیار دەدەن بوونی ئەمەریکا هەبێت لە وڵاتەکانییاندا یاخود نا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا