کەنەدا قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە تورکیا درێژدەکاتەوە

وەزارەتی کاروباری جیهانی کەنەدا دوێنێ چوارشەممە ئەوەی پشتڕاستکرد کەنەدا قەدەغەی هەناردەکردنی چەکی نوێی بۆ تورکیا بۆ کاتێکی دیاری نەکراو درێژکردەوە.

حکومەتی کەنەدا پەسەندکردنی رێگەپێدانی هەناردەکردنی چەکی بۆ تورکیا لە پایزی پاردا هەڵپەسارد ، دوای ئەوەی هێزەکانی تورکیا چوونە ناو خاکی باکوری سوریاوە.

چارڵس ماری یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵی هەناردەی چەک لە وەزارەتی کاروباری جیهانی لە ئیمەیڵکدا نووسیویەتی کە پەسەندکردنی هەناردەی چەک بۆ تورکیا هەتا کاتێکی دیارینەکراوی ئایندە راگیراوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پێداگری دەکات لەوەی چوونە ناو باکوری سوریا کارێکی پـێویستە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو دژ بە هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

تورکیا لە نێو لیستی متمانەپێکراوی حکومەتی کەنەدایە ، کە تێدا کۆنتراکتەرانی بواری بەرگری کەنەدی دەتوانن بێ‌گرفت کارداری لەگەڵ تورکیا بکەن و چەکی پێشکەوتوو هەروەها قەدەغەکراوی پێبفرۆشن.

هاوکاتی ئەوەی پێداچوونەوە بە هەندێ لە داواکاریەکاندا دەکرێت لەسەر بنەمای داواکاری بە داواکاری ، دەقە بژارکراوەکان بە روونی دەڵێن کە هەناردەکردنی هەندێک کەرەستەی لەشکری کەنەدی بۆ تورکیا هەڵدەپەسێردرێن. بە واتەیەکی تر، ئەو کۆمپانیا کەنەدییانەی ئەم کەرەستە لەشکریانەیان هەیە خۆیان ماندو نەکەن و داوای پێدانی مۆڵەت لە حکومەتی کەنەدا نەکەن بۆ ئەوەی ئەو کاڵا لەشکریانە بە تورکیا بفرۆشن.