زۆرێک لە کۆچبەران پێش گەشتکردنیان بۆ وڵاتی کەنەدا، هیوایان لەسەر بونیادنانی ژیانێکی خۆشگوزەران و شادیان لەو وڵاتەدا هەڵچنیبوو، بەڵام لە ئیستادا چیدی ئەو هیوایەیان بەهۆی گرانی تێچووی ژیان و کرێ خانووەوە نەماوە و ئەمەش وایکردووە ناچار بن پشت بکەنە ئەو وڵاتە و بەجێیبهێڵن.
سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ پرسی کۆچی کردە چەکی سەرەکی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگییانەی کە هاتنە بەردەم کەنەدا، لەوانەش کەمبوونەوەی دانیشتوان و زۆربوونی بەساڵاچووان لە وڵاتەکەدا، لە هەمان کاتیشدا کۆچبەران یارمەتیدەر بوون لە گەشەی ئابووری کەنەدادا. بەپێی ئامارەکانی کەنەدا ئەمانە بوونە هۆی زیادبوونی دانیشتوانی کەنەدا.
بەڵام ئێستا کۆچ پێچەوانە بووەتەوە و خەریکە کۆچبەران لەوێ کۆچ دەکەن. بەپێی داتا فەڕمییەکان، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023 دا، نزیکەی 42,000 کەس کەنەدایان جێهێشتووە، لە ساڵی 2022 دا 93,818 کەس و لە ساڵی 2021 دا 85,927 کەس ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە.
ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەی کە کەنەدا جێدەهێڵن لە ساڵی 2019 دا گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەمدواییانەی دەزگای ڕەگەزنامەی کەنەدا کە گروپێکی یاسایی کۆچە. لە کاتێکدا کە لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنەکانی هاتووچۆدا ژمارەکە کەمبووەوە، بەڵام داتاکانی ئامارەکانی کەنەدا دەریدەخەن کە ئێستا ژمارەکە زیادیکردووەتەوە.
لە کاتێکدا کە ئەوە تەنها بەشێکی ئەو 263,000 کەسەیە کە لە هەمان ماوەدا هاتوونەتە کەنەدا، زیادبوونی کۆچکردن لە کەنەدا بە شێوەیەکی جێگیر هەندێک لە چاودێرانی نیگەران کردووە.
بۆ وڵاتێک کە لەسەر کۆچبەران دروست کراوە، زیادبوونی ئەو ژمارەیە لە خەڵکەکە کە کەنەدا جێدەهێڵن، یەکێک لە سیاسەتە تایبەتەکانی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ دەخاتە مەترسییەوە، کە ئەوەش پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەیی بوو بە 2.5 ملیۆن کەس لە ماوەی تەنها هەشت ساڵدا.
ڕۆیتەرز دەڵێت لەگەڵ چەندین کەسدا قسەی کردووە کە یان ئەوەتا وڵاتەکەیان جێهێشتووە یان ئامادەکارییان کردووە بۆ جێهێشتنی، ئەوەش بەهۆی گرانییەوە لە کەنەدادا.
کارای تەمەن 25 ساڵ کە لە ساڵی 2022 دا لە هۆنگ کۆنگەوە کۆچی کردووە بۆ کەنەدا، ئێستا تەنها بۆ یەک ژوور لە ژێرزەمینێکدا لە باکووری تۆرۆنتۆ 650 دۆلاری کەنەدی دەدات کە دەکاتە 474 دۆلاری ئەمەریکایی، ئەو پارەیەش لە سەدا 30 موچەی مانگانەکەیەتی.
کارا وتی " هەرگیز نەمدەزانی ژیانکردن لە وڵاتێکی ڕۆژئاوا وادەکات کە بتوانیت تەنها یەک ژوور لە ژێر زەمینێکدا بە کرێ بگریت." کارا ڕەتی کردەوە ناوی ڕاستەقینەی خۆی بدات چونکە لە ساڵی 2019 دا بەهۆی بەشداریکردنییەوە لە خۆپیشاندانەکانی هۆنگ کۆنگدا هەڵاتووە بۆ کەنەدا.
کارا سێ ئیش دەکات و دەشخوێنێت تاوەکو بتوانێت بچێتە زانکۆ. وتی " هەموو پارەکە خەرج دەکەم." وتی لە هۆنگ کۆنگ توانیویەتی سێیەکی موچە مانگانەییەکەی پاشەکەوت بکات.
بەپێی داتا فەڕمییەکانی حکومەت، لە ناوەڕاستی ساڵەکانی نەوەدەکاندا ڕێژەی کۆچکردن لە کەنەدا لە سەدا 0.2 بووە، ئێستا لە لە سەدا 0.9 یە.
لە کاتێکدا کە ئێستا ژمارەکان کەمن، بەڵام پارێزەران و ڕاوێژکارانی کۆچ دەڵێن ڕەنگە ئەو ژمارەیە زیاد ببێت و ببێتە هۆی ئەوەی کەنەدا چیتر یەکێک نەبێت لەو وڵاتانەی کە تازەهاتووان بە باشترینی دەزانن.
بەڕێوبەری دەزگای ڕەگەزنامەی کەنەدا دانیێڵ بێرنهارد وتی " گرنگییەکی ڕاستەقینە هەیە لەوەدا کە ئەزموونێکی ئەرێنی دروست بکەیت لەو ساڵانەی سەرەتادا "، بۆ ئەوەی خەڵکەکە بڕیار بدەن بمێننەوە.
کۆچبەران گرانی کرێی خانوو بە گەورەترین هۆکار دەزانن بۆ بڕیارەکانییان بۆ بیرکردنەوە لە وڵاتێکی دیکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز