جەزائیرییەکان ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی دەستبەرداربوونی بۆتەفلیقە لە خۆکاندیدکردنەوە بۆ گەڕی پێنجەمی سەرۆکایەتی

عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە

سەرۆکی جەزائیر عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە دەستبەرداربوونی خۆی لە خۆکاندیدکردنەوەی بۆ گەڕی پێنجەمی سەرۆکایەتی جەزائیر ڕاگەیاند و بەو بۆنەیەشەوە جەزائیرییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا. ئەمەش دوای بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی جەزائیر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دژی بۆتەفلیقە.

ڕۆژانە دەیان هەزاران هاوڵاتی جەزائیری لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە خۆپیشاندانیان دەکرد دژی بڕیارەکەی بۆتەفلیقە بۆ دووبارە خۆکاندیدکردنەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا و سیستمە سیاسییەکەیان ڕەت دەکردەوە.

دوای ئەوەی بۆتەفلیقە ڕایگەیاند چیتر خۆی کاندید ناکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا. سەدان گەنج و پیر بەشداریان لە ئاهەنگەکاندا کرد.

شۆفێرێکی تەکسی بە ناوی محەمەد وتی " خۆپیشاندانەکانمان بەرهەمێکی هەبوو. شکستمان بە لایەنگرانی گەڕی پێنجەم هێنا."

جێی ئاماژەیە بۆتەفلیقە ماوەی 20 ساڵە فەرمانڕەوایی جەزائیر دەکات و لە ساڵی 2013 ەوە دوای ئەوەی جەڵدە لێیدا بە دەگمەن بەشداریلە بۆنە گشتییەکاندا کردووە. ڕەخنەگرانیش دەڵێن پێیان وانییە ئەو گونجاو بێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتەکە و پێیان وایە مانەوەی لە دەسەڵاتدا تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانیەتی لە سوپا و پاراستنی خاوەن کارەکانیەتی.

لە زنجیرەیەک ڕاگەیەندراودا، سەرۆکایەتی جەزائیر ڕایگەیاند هەڵبژاردنەکان کە وابڕیاربوو مانگی چوار بەڕێوەبچێت، دوادەخرێت، بەڵام هێشتا کاتە نوێیەکەی دیارینەکراوە. هەروەها دەستوورە نوێیەکەش گشتپرسییەکی لەسەر دەکرێت. سەرۆکیش بەڵێنی چاکسازیدا لە سیاسەت و ئابووری وڵاتەکەدا.

سەرۆک وەزیری جەزائیر ئەحمەد ئوێحی دەستی لەکارەکەی کێشایەوە و وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە نورەدین بەدەوی وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە دەستنیشانکرا.

هەروەها ڕەمەتان لعمامەرەی ڕاوێژکاری سیاسیی بۆتەفلیقە وەکو جێگری سەرۆک وەزیر دەستنیشانکرا.

لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا زۆرێک لە هاوپەیمانە کۆنەکانی بۆتەفلیقە یەک بە یەک بەشداریان دەکرد لە خۆپیشاندانەکاندا. هەروەها ڕۆژی دووشەممە زیاتر لە هەزار دادوەر وتیان ڕەتی دەکەنەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بکەن ئەگەر بۆتەفلیقە بەشداری تێدا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز