ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن وتی وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بکات، ئەم لێدوانەی بۆڵتنیش دوای ئەوە هات ئەمەریکا سزاکانی بۆ سەر ئێران توندترکردەوە.
بۆڵتن لە ئۆرشەلیم وتی " سەرۆک دەرگای لەبەردەم ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەدا کردۆتەوە سەبارەت بە لەناوبردنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران کە دواتر بتوانرێت پشکنینی بۆ بکرێت، هەروەها لەناوبردنی سیستمی موشەکە باڵیستیکییەکانی و پشتیوانیکردنی لە تیرۆری نێودەوڵەتی و ڕەفتارە خراپەکانی دیکەی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا."
وتیشی " هەموو ئەوەی لەسەر ئێرانە بیکات ئەوەیە لەو دەرگا کراوەیەوە بپەڕێتەوە."
ئەم لێدوانەی بۆڵتنیش لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی هات لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلی و ڕوسییەکەیدا کە پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکەیان سەبارەت بە ئێران و سوریا بێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز