ژمارەی کوژراوان لە هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆدێسا زیاتر دەبێت و تەرمی دایک و منداڵێک دەدۆزرێنەوە

فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسای ئۆکرانیا ئۆلی کیپەر ڕۆژی یەکشەممە وتی ژمارەی کوژراوان بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاوە بۆ سەر شاری ئۆدێسای باشووری ئۆکرانیا بەرز بووەتەوە بۆ 10 کەس، ئەوەش دوای ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری لاشەی دایکێکی دیکە و منداڵێکییان دۆزییەوە.

ڕۆژی شەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا خۆی کێشا بە بینایەکی نیشتەجێبووندا لە ئۆدێسا. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ئەگەر دواکەوتن ڕووینەدایە لە گەیشتنی چەکەکان بۆ ئۆکرانیا ئەوا دەکرا ئەو هێرشە نەبووایە هۆی کەوتنەوەی قوربانی.

کیپەر وتی " لاشەی کۆرپەیەکی دیکەی مردوو لە تەنیشت لاشەی ژنێکەوە دۆزرایەوە. بەپێی شیکارییە سەرەتاییەکان، منداڵەکە تەمەنی کەمترە لە ساڵێک. تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە پاککردنەوەی داروپەردبووەکان."

ئۆفیسی دەسەڵاتی دادوەری وتی منداڵێکی تەمەن 8 مانگ یەکێک بووە لەو سێ منداڵەی کە لە هێرشەکەدا کوژراون.

ڕۆژی شەممە زێلێنسکی وتی کۆرپەیەکی چوار مانگە و منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ کوژراون.

وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا ئیهۆر کلیمینکۆ ڕۆژی شەممە وتی کۆرپەکە لە تەنیشت دایکیدا بە مردوویی دۆزرایەوە، هەروەها وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا کارمەندێکی فریاگوزاری لە تەنیشت بەتانییەکی خوێناوییەوە وەستاوە، قۆڵی کۆرپەیەک لە لایەکی بەتانییەکەوە دیارە و قۆڵی کەسێکی گەورەش لە لاکەی دیکەی بەتانییەکەوە دەرکەوتووە.

ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژی ماتەمینی لە ئۆدێسا ڕاگەیەندرا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز