باشترین و خراپترینەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە یاری کۆتایی نێوان ئیسپانیا و بەریتانیا لە جامی یۆرۆی 2024 دا لە بەرلین کۆتایی بە پێشبڕکێ یەک مانگەییەکەی تۆپی پێ بهێنێت کە لە 14ی مانگی شەش لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد.

پاڵەوانێتییەکە چەندین ساتی سەرکەوتن و شکست و ساتی خۆشی و ناخۆشی تێدا بوو، هەروەها باشی و خراپییەکەشی دەرکەوت.

باشییەکان بریتی بوون لە:

کەشی یاریگاکان و هاندەران: ڕێکخستنی یارییەکان لە یاریگاکانی یانە ئاساییەکاندا کە کەشێکی سەرسوڕهێنەرییان هەیە جیاوازییەک دروست دەکەن. لە سوپای تارتانی سکۆتلەنداوە بۆ دیواری پرتەقاڵی هۆڵەندا، هەروەها هاندەرە دڵخۆشەکانی ڕۆمانیا و ئەلبانیا، خەڵکەکە ڕەنگ و خواستێکی سەرسوڕهێنەرییان بۆ یارییەکان هێنا.

لامین یامال: ڕەنگە ئەو یاریزانە نەبووبێت کە لە مێشکی هەموواندا بووە، بەڵام یاریزانە گەنجەکەی ئیسپانیا کە ڕۆژی شەممە تەمەنی بوو بە 17 ساڵ لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەدا چاوەڕێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خوێندنەکەی دەکرد. لە چۆنێتی یاریکردنی و گۆڵە جوانەکەیەوە لە دژی فەڕەنسا، یامال وەکو کەسێکی سەروو تەمەنی خۆی دەرکەوت و تۆمارێکی شکاند لەسەر ئەوەی کە گەنجترین یاریزان و گۆڵکەرە لە یۆرۆدا.

ئیسپانیا زۆرترین گۆڵ و زۆرترین هەوڵدان بۆ گۆڵ کردن و زۆرترین لێدان بۆ ئامانجەکەی هەبووە لە هەموو هەڵبژاردەکانی دیکەی پاڵەوانێتییەکە. 6 یاری بردووەتەوە، 108 هەوڵیداوە بۆ گۆڵکردن، 37 لێدانی بۆ گۆڵکردن هەبووە و 13 گۆڵی کردووە. ئیسپانیا هەر لە سەرەتاوە دیار بوو کە دەزانن چۆن یاری دەکەن.

دادوەریکردنی یارییەکان: ستانداردی دادوەریکردن بە گشتی زۆر باش بووە و دادوەران بە گشتی لەگەڵ یاریزانەکان و ڕۆحی یارییەکەدا گونجاون.

جیۆرجی مامارداشڤیلی: گۆڵچییەکەی جۆرجیا لە چوار یاریدا 29 جار گۆڵەکەی پاراستووە، تاوەکو ئێستا ئەوە زۆرترین پاراستنی گۆڵە و پێش گۆڵچییەکەی هۆڵەندا بارت ڤەربروگنی داوەتەوە کە 18 جار گۆڵەکەی پاراستووە لە 6 یاریدا.

جۆرجیا: گەیشتن بە قۆناغی 16، جۆرجیا زۆر بە جوانی خەڵاتکران لە کاتێکدا کە سەرۆک وەزیری پێشووی جۆرجیا بیدزینا ئیڤانشڤیلی ملیاردێر بەڵێنیدا 10.7 ملیۆن دۆلار بدات بە یاریزانەکانی جۆرجیا، ئەوەش دوای ئەوەی 2-0 لە پورتوگالییان بردەوە و گەیشتنە قۆناغی هەشتی.

هەریەک لە جۆرجیا و ئەلبانیا و ڕۆمانیا و سلۆڤینیا و ئۆکرانیا و تورکیا کە بە هەڵبژاردەی بچووکتر ناسراون ئەنجامی باشییان بە دەستهێنا.

کاتی زیادکراو: لە یۆرۆدا ئەمە یەکەمین جارە 12 گۆڵ لە کاتی زیادکراودا بکرێت، زۆرێک لەو گۆڵانەش یەکلاکەرەوە بوون، بردنەوە یاخود یەکسانبوونییان لێکەوتووەتەوە، بە تایبەتی گۆڵەکەی جود بێلینگهامی ئینگلتەرا دژی سلۆڤاکیا.

ئەو یاریزانانەی ئینگلتەرا کە پەنالتییان لێدا: ئینگلتەرا لە هەڵبژاردەیەکەوە کە ترسابوون لە پەنالتی بوو بە یەکێک لەوانەی باشترین ئەنجامییان هەبوو و دوای یارییەکەیان دژی سویسرا متمانەیان بە خۆیان بە دەستهێنایەوە.

خراپترینەکان:

کیلیان مباپێ: مباپێ خۆی دانی بەوەدا ناوە کە دەبێت یۆرۆی 2024 لە بیر بکات و دەڵێت بەهۆی شکانی لوتی و ماسکەکەی دەمووچاوییەوە نەیتوانیوە بە تەواویی هێزی خۆی پیشان بدات. لە سەرجەم 24 هەوڵەکەیدا بۆ گۆڵکردن، تەنها یەک گۆڵی بە پەنالتی کرد.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ: ئایا کۆتایی سەردەمێکمان بینی؟ پورتوگال سووربوو لەسەر بەشداریپێکردنی ڕۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ، بەڵام ڕۆناڵدۆ لە سێبەری یاریزانێک دەچوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەلایەن زۆرێکەوە بە باشترین یاریزانی جیهان سەیر دەکرا، نەیتوانیوە وەک جاران یاری بکات.

کای هاڤێرتز: دوای یەکسانبوونەکەی ئەڵمانیا 1-1 لەگەڵ سویسرادا، ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا ڕاپرسییەکی لەگەڵ 160,000 خوێنەردا کرد و لێی پرسین کە ئایا دەبێت هاڤێرتز یان نیکلاس فویلکروگ یاری بکات. لە سەدا 90 وتییان دەبووایە نیکلاس یاری بکردایە. هاڤێرتز دوو پەنالتی گۆڵی کرد، بەڵام چەند گۆڵێکی دیکەی لە دەستدا کە بوونە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا لە پاڵەوانێتییەکە بکرێتە دەرەوە.

بەلجیکا: ئەمە دەبوو ڕۆژێکی نوێ بووایە بۆ بەلجیکا لە ژێر ڕاهێنەرایەتی دۆمێنیکۆ تێدێسکۆدا، بەڵام هەمان کێشە کە بەلجیکا هەیبووە لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا ئەمجارەش دەرکەوتەوە، چونکە نەیانتوانی زاڵبوونییان بەسەر یارییەکەدا بگۆڕن بۆ گۆڵکردن و لە قۆناغی 16 دا دەرکران.

ئیتاڵیا: ئیتاڵیای بەرگریکار لە پاڵەوانێتییەکە گەیشتە قۆناغی 16 بەڵام بە گۆڵێک یەکسانبوون لە خولەکی 98 دا دژی کڕواتیا، دواتر لەو قۆناغەدا لەلایەن سویسراوە دەرکرا.

مەریح دەمیراڵ، جود بێلینگهام، میرلیند داکو: کاتێک دەزانیت جیهان چاوی لەسەرتە، باشترین شت ئەوەیە شتێک نەکەیت مشتومڕاویی بێت.هەڵسوکەوت و ئاهەنگگێڕانی ئەو سێ کەسە لە ڕێگەی هاندانی لایەنگرانیانەوە بۆ وتنەوە دروشمی ڕەگەزپەرەستانە، بوو بە هۆی ئەوەی یوفا سزایان بەسەردا بسەپێنێت. وەک پیشاندانی سڵاوی گورگە بۆرەکانی تورکیا لەلایەن یاریزانی ئەو وڵاتەوە.

ڕەفتاری خراپی خزمەتکاران و مێوانداران: بە گشتی کارمەندانی بەرپرس لە مێوانداریکردنی بینەرانی یارییەکان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ هاندەراندا کرد، لە ناوە و دەرەوەی یاریگاشدا، بەڵام خزمەتکارێک لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە لە هاندەرێکی پورتوگال دەدات لە کاتێکدا کە دووان لە هاوەڵەکانی گرتوویانە و داوییانە بە زەوییەکەدا. ئەوەش وێنەیەکی خراپ بوو بۆ پاڵەوانێتییەکە و ئەڵمانیاش.

هەڵدانی کوپەکان: شتێکی تۆزێک ئاسایی بوو لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا کاتێک هاندەرانی زۆرێک لە هەڵبژاردەکان کوپی پلاستیکییان دەگرتە ئەو یاریزانانەی کە کۆرنەرییان لێدەدا، یان ئەو گۆڵچییانەی کە خەریک بوو شووتییان لێدەدا.

خراپی هێڵەکانی گواستنەوە: نەمانی شەمەندەفەرەکان و ئامێرەکانی گواستنەوەش بوونە هۆی دروستبوونی دیمەنی پشێوی لە پێش دەستپێکردنی یارییەکان و دوای یارییەکانیش. تەنانەت هەڵبژاردنەکانیش وەکو هۆڵەندا ئەو شەمەندەفەرەی کە دەبووایە بیبردنایە بۆ دۆرتمۆند نەهاتبوو. وەزیری گواستنەوەی ئەڵمانیا ڕەخنەی لە دوچە بان گرت لەسەر مامەڵەکردنی خراپی لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز