ئازەربایجان دەڵێت هێزەکانی لەنزیک هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخی جێناکۆکی لەسەرەوە بەرپەرچی هێرشێکی ئەرمینیایان داوەتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوا دەکات کۆتایی بهێندرێت بە شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر ئەو هەرێمە کە ماوەی 30 ساڵە ناکۆکی لەسەرە.
ناگۆرنۆ کاراباخ لە ساڵی نەوەدەکاندا دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت بە پشتیوانی ئەرمینیا لە ئازەربایجان جیابۆوە. لە ساڵی 2020 دا ئازەربایجان توانی ئەو بەشەی ناگۆرنۆ کاراباخ بگرێتەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی جیاخوازەکاندا بوو.
بەپێی ڕێکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هێزەکانی ئاشتی پارێزی ڕووسیا ڕەوانەی سنوورەکە کران تاوەکو ئەو ناوچانە بپارێزن کە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی جیاخوازەکاندا ماونەتەوە. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا گرژییەکان زیادییان کردۆتەوە و هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن.
وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان گوتی ئەرمینا بەشێوەیەکی ناشرین ڕێکەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە و کردەوەی تێکدارانەی ئەنجامداوە کە بووەتە هۆی کوژرانی سەربازێک. ئازەربایجان دەڵێت هێزەکانی هەوڵێکی ئەرمینیایان بۆ گرتنی گردێک پوچەڵ کردۆتەوە کە دەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئاشتی پارێزی ڕووسیادایە.
گوتیشی " لە ئەنجامدا، ئەوانەی کە شەڕ بۆ پێکهاتە چەکدارە نایاساییەکانی ئەرمینیا دەکەن کوژران یاخود بریندار کران." هەروەها داوای کرد سەرجەم هێزەکانی ئەرمینیا لە ناوچەکە بکشێنەوە.
لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا گوتی ئازەربایجان ئاگربەستەکەی لەڕێی هێرشێکەوە بۆ سەر ناوچەکانی هێزە ئاشتی پارێزەکان پێشێل کردووە. وتیشی یەریڤان دەیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی " ڕێوشوێن بگرێتەبەر بەرەو ڕاگرتنی ڕەفتار و کردەوە دوژمنکارییەکانی ئازەربایجان."
یەکێتی ئەوروپاش داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێندرێت و وتی هەردوولا دەبێت ڕێز لە ئاگربەست بگرن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز