بەرپرسان: گروپە چەکدارییەکان هێرش دەکەنە سەر قوتابخانەیەکی چۆڵی کچان لە پاکستان

بەرپرسانی پاکستان دەڵێن قوتابخانەیەکی چۆڵی کچان لە پاکستان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە بەشێکی زیانی بەرکەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی گروپە چەکدارییەکان داوای سەرانەیان کردووە.

هێرشەکە دووەم هێرشە لە ماوەی هەفتەیەکدا بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان، هەردوو قوتابخانەکە دەکەونە ناوچەکانی نزیک سنووری ئەفغانستانەوە، کە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبانەوە بۆ سەر دەسەڵات لە ئەفغانستاندا، هێرشی گروپە چەکدارییەکان لەو ناوچانەدا زیادییان کردووە.

بەپێی گروپی ناحکومی کۆمەڵەی خۆشگوزەرانی وانا، هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. کۆمەڵەی خۆشگوزەرانی وانا قوتابخانەکە بەڕێوەدەبات.

ئەندامێکی باڵای کۆمەڵەی خۆشگوزەرانی وانا لە پیشاوەر بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " نزیکی مانگێک لەمەوبەر، نامەیەکمان لە گروپێکی چەکدارییەوە بە دەست گەیشت و تێیدا داوای بەشێکی ئەو پارەیەیان دەکرد کە بۆ قوتابخانەکە دابین دەکرێت. چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوەی، نامەیەکی دیکە هەڵدرایە ئۆفیسەکەمانەوە، داوای 10 ملیۆن ڕوپییان دەکرد."

وتیشی " دوابەدوای ئەوە ئێمە ئیتر پەیوەندی تەلەفونیمان بە ژمارەی ئەفغانییەوە بۆ دەهات و هەڕەشەیان لێدەکردین، داوای سەرانەیان دەکرد."

وتی گوایە بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەکە پێیان وتراوە کە داواکان لە لقە ناوخۆییەکانی تاڵیبانەوە بوون.

بەرپرسێکی حکومی لە ناوچەکەدا بە فرانس پرێسی وت لقەکانی تاڵیبان سەرانە لە بازرگانە ناوخۆییەکانی ناوچەکە وەردەگرن.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە فرانس پرێسی وت " ئەوانەی ڕەتی دەکەنەوە پارە بدەن دەکرێنە ئامانج، ماڵەکانییان دەشێوێندرێت یاخود دەکوژرێن."

وتی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین بازرگان ڕفێندراون و کوژراون.

خوێندنی کچان لە مێژە بووەتە ئامانجی گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکە، بە تاڵیبانی پاکستانیشەوە کە بەوە ناسراون لە ساڵی 2012 دا خوێندکار مەلالە یوسەفزایەیان بە فیشەک کوشت کاتێک یوسەفزایە کەمپینی بۆ خوێندن دەکرد.

پاکستانی تاڵیبان کە بە تەهریکی تاڵیبانی پاکستان ناسراوە و چالاکترین گروپە لەو ناوچەیەدا، ڕەتی کردەوە لە پشت هێرشەکەی سەر قوتابخانەکەوە بووبێت.

زۆرێک لەو گروپە چەکدارییانەی کە پەیوەستن بە تەهریکی تاڵیبانی پاکستانەوە چالاکن لەو ناوچەیەدا.

ناوچە سنوورییەکەی پاکستان لە مێژە شوێنی چالاکییەکانی گروپە چەکدارییەکان بووە، هەروەها ئامانجی هێرشێکی درێژخایەنی سەربازیی و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بوون لە ماوەی هێرشەکانی دوای 9/11 بۆ سەر ئەفغانستان.

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دا دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە، پاکستان ڕووبەڕووی زیادبوونێکی بەرچاویی هێرشی گروپە چەکدارییەکان بووەتەوە، زۆربەی هێرشەکانیش لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا بوون.

ئیسلامئاباد چەندین جار حکومەتەکەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی شکستی هێناوە لە سەرکوتکردنی ئەو گروپە چەکدارییانەدا کە خاکی ئەفغانستان بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر پاکستان.

حکومەتەکەی تاڵیبانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس