بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ئەفغانستان 2 کەس کوژران و 25 کەسی دیکە برینداربوون

بەرپرسانی ئەفغانی وتیان بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێزەوە لە ناوەندی کابوڵی پایتەختی وڵاتەکە دوو کەس کوژران و کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا برینداربوو.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان نەسرەت ڕحێمی وتی بەلایەنی کەمەوە 25 کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە برینداربوون کە لەسەر ڕێگەیەک لە نزیک زانکۆی تایبەتی غالب و گۆڕەپانی شەهیدان ڕوویدا.

ڕحێمی وتی ڕاستەوخۆ دوای تەقینەوەکە چەکدارەکان چوونەتە ناو بینای زانکۆکەوە و ئۆفیسی کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆک ئامرەڵا ساڵحیان کردۆتە ئامانج. ساڵح پارچەیەکی بەرکەوتووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەرپرسێکی حکومی وێنەیەکی بڵاوکردەوە تیایدا ساڵح پیشان دەدات دانیشتووە و خوێن باڵی ڕاستی داپۆشیوە و پاسەوانەکان دەوریانداوە.

ساڵح لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنیدا خۆی کاندید کردووە و وابڕیارە ڕۆژی یەکشەممە دەست بکەن بە کەمپینی هەڵبژاردنەکانیان.

غەنی لە تویتەر نوسیویەتی " برام و کوڕێکی دڵسۆزی خاکی ئەفغانستان و کاندید بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆک لە تیمەکەمدا ئامرەڵا ساڵح لە هێرشێکی دوژمنانی دەوڵەتدا ڕزگاری بوو. سوپاسی خودا دەکەین هێرشەکە شکستی هێنا."

ڕحێمی وتی " تەقینەوەکە لە ناوچەیەکی زۆر قەرەباڵغدا ڕوویداوە. تیمەکانی فریاکەوتن بەخێرایی چوونەتە شوێنەکە."

هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.

هەفتەی ڕابردوو کابوڵ ڕووبەڕووی سێ تەقینەوەی یەک لەدوای یەک بۆوە و ڕێکخراوی داعش و تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان ڕاگەیاند. ئەو تەقینەوانە بوونە هۆی کوژرانی 11 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 40 کەسی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز