یاخیبووان له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فغانستان هه‌لیکۆپته‌رێکی له‌شکری ئه‌مریکایان خسته خواره‌وه و 30 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی و 7 سه‌رکرده‌ی له‌شکری ئه‌فغانستانی تیادا کوژران.
ئه‌م ڕووداوه‌ی ڕۆژی شه‌ممه خوێناوی ترین زیانی گیانی بووه له هێزه‌ی هاوپه‌یمانان له ماوه‌ی ئه‌م ده‌ساڵه‌ی شه‌ڕی ئه‌فغانستاندا.
هه‌لیکۆپته‌ره‌که له جۆری (CH47) بوو به‌ر له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه له هه‌رێمی وارداک که‌وته خواره‌وه.
ڕێکخراوی تاڵیبان ڕۆکێتێکیان گرتووه‌ته هه‌لیکۆپته‌ره‌که له میانه‌ی شه‌ڕێکدا که هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان 8 ملیشایان کوشتووه له‌و هێرشه‌ی کردبوویانه سه‌ر حه‌شارگه‌که‌یان.
کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکای ده‌ڵێن پێده‌چێت ته‌قه ڵێکردن هه‌لیکۆپته‌ره‌که که‌وتبێته خواره‌وه.
هاوپه‌یمانی ناتۆ گوتویه‌تی لێکۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌که ده‌کات و ده‌شڵێت وه‌رگێڕێکیش که له‌گه‌ل ئه‌و هێزانه‌دا بووه کوژراوه.
کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکا ڕایانگه‌یاندووه 25 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکای له‌و سه‌رجه‌م 30 سه‌ربازه‌ی له هه‌لیکۆپته‌ره‌که‌دا بوون سه‌ربازی تایبه‌ت بوون و 22 سه‌ربازیشیان له هێزی نه‌یڤی سێل بوون که تایبه‌ت ترین هێزه له له‌شکری ئه‌مه‌ریکادا.
کاربه‌ده‌ستان گوتویانه زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی هێزی تایبه‌ت که له‌و ڕووداوه‌دا مردوون له هه‌مان ئه‌و یه‌که سه‌ربازیه بوون که ئوسامه بن لادنی ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده‌یان له مانگی پێنجی ڕابوردوودا له پاکستان کوشت. به‌ڵام ده‌شڵێن ئه‌و سه‌ربازه کوژراوانه‌ی ڕووداوه‌که‌ی ڕۆژی شه‌ممه هیچیان به‌شدار نه‌بوون له‌و هێرشه‌ی کرایه سه‌ر ماڵه‌که‌ی بن لادن.
سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما ده‌ڵێت کوژرانی ئه‌و سه‌ربازه ئه‌مه‌ریکاییانه بیر هێنانه‌وه‌یه‌که سه‌باره‌ت به‌وه‌ی سه‌ربازه‌کانی ئه‌مه‌ریکاو که‌سوکاریشیان چ قوربانییه‌کی گه‌وره ده‌ده‌ن.
هاوکات حامید کارزایی سه‌رۆکی ئه‌فغانستان په‌یامێکی پرسه ئامێزی ناردووه بۆ سه‌رۆک ئۆباما و که‌سوکاری ئه‌و 38 که‌سه‌ی له ناو هه‌لیکۆپته‌ره‌که‌دا کوژران.