ڕیبه‌رانی عێراق به‌شـداری له‌ مه‌راسیمی به‌خاکسـپاردنی یاسادانه‌رێـکی سووننه‌ی وڵاته‌که‌یاندا ده‌که‌ن

نوری ئه‌لمالیکی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی تری وڵاته‌که‌دا به‌شـداری له‌ مه‌راسیمی به‌خاکسـپاردنی یاسادانه‌رێـکی عه‌ره‌بی سـووننه‌ کردووه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وتێـکی به‌غدا کوژرا.

مالیکی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی جێـگری سه‌رۆک و یاسادانه‌رانی عێراقیدا به‌شـداریـیان له‌ مه‌راسیمی به‌خاکسـپاردنی حارس ئه‌لعوبه‌یدی‌دا کردبوو که‌ سه‌رۆکی لایه‌نی سه‌ره‌کی عه‌ره‌بی سـووننه‌ بوو له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا.

عوبه‌یدی و 4 که‌سی تر دوێنێ و له‌ پاش نوێژی هه‌ینی له‌ مزگه‌وتی ئه‌لشه‌وافی ناوچه‌ی یه‌رموکی به‌غدای پایته‌خت ته‌قه‌یان لێـکرا و کوژران.

پـۆلیس ده‌ڵێت پاسه‌وانه‌کانی مزگه‌وته‌که‌ دوای هێرشـبه‌ره‌که‌ که‌وتوون، به‌ڵام هێرشـبه‌ره‌که‌ هه‌نارۆکێـکی ته‌قاندۆته‌وه‌ و خۆشی تیادا کوژراوه‌.

مالیکی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق فه‌رمانی ئه‌نجامدانی لێـکۆڵینه‌وه‌یه‌کی داوه‌ و ئه‌و کرده‌ی کوشـتنه‌شی وه‌ها ناودێر کردووه‌ که‌ هه‌وڵێـکی بێ هوده‌یه‌ بۆ هاندانی شه‌ڕی ئاینزایی.

هه‌ر له‌ به‌غدا له‌شـکری ئه‌مریکی ده‌ڵێت ڕۆژی هه‌ینی له‌ ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـکی لاڕێ سه‌ربازێـکی ئه‌مریکی کوژراوه‌.