به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له میانه‌ی ووتارێك‌دا كه له شاری كه‌رمانشاهی خۆرئاوای ئێران پێشكه‌شی كردبوو، بۆ جارێكی دیكه هه‌ڕه‌شه‌ی له به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا كردووه. ئێران ده‌ڵێت بیر له هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌گیریی ئه‌و ووڵاتانه بۆ چه‌سپاندنی سزا به سه‌ر ووڵاته‌كه‌یدا ده‌كاته‌وه و به هه‌ڵوێستێكی دوژمنانه‌ی وه‌سف ده‌كات.
هه‌ر سێ ووڵاتی ئه‌وروپایی به‌رنوسی بڕیارێكی تایبه‌ت به چه‌سپاندنی گه‌مارۆی دژ به ئێرانیان بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داڕشتووه. به‌ڵام ئه‌ندامانی سه‌ره‌كی ئه‌نجومه‌ن وه‌ك ڕووسیا له دژی زۆربه‌ی به‌نده‌كانی ئه‌و بڕیاره‌یه‌ن.
ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش، شان مه‌ككۆرمه‌ك ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتویه‌تی واشنتۆن داخواز ده‌كات ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بده‌ن. هه‌روه‌ها گوتویه‌تی تاران هه‌وڵی یارمه‌تی ده‌ره‌كی ده‌دات بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و ماددانه‌ی له به‌رنامه ناوه‌كی‌یه‌كه‌یدا پێویستێتی كه به پێی ئه‌و یاسانه‌ی به‌سه‌ریدا چه‌سپێنراوه ناتوانێت ده‌ستی بكه‌وێت. هه‌روه‌ها گوتی ئێران ده‌یه‌وێت به سه‌ر كێشه زانستی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كاندا زاڵ بێت كه له به‌رده‌م دروستكردنی بۆمب‌دا بووه‌ته ڕێگر بۆی.
ئێرانیش سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌رنامه ناوه‌كی‌یه‌كه‌ی ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیخوازانه‌یه.