سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیه‌كان به‌ره‌و باشوری لوبنان ڕۆیشتوون

سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیه‌كان به پشتگیری فڕۆكه‌ له‌شكرییه‌كان به‌ره‌و باشوری لوبنان ڕۆیشتوون تاوه‌كو ئه‌و ناوچانه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن‌ كه‌ بنكه‌ی چه‌كداره‌كانی حیزب الله‌ی لێیه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌، شه‌ڕ و پێكدادانێكی توند له نێوان هێزه‌كانی ئیسرائیلی و گه‌رێلاكانی حیزب الله‌ له نزیك شارۆچكه‌ی بنت جبال ڕوویداوه‌.

لێپرسراوانی له‌شكری ئیسرائیلی ده‌ڵێن به ‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 10 سه‌رباز بریندار بوون و ژماره‌‌یه‌ك چه‌كداری حیزب الله كوژراون. هه‌روه‌ها دوو چه‌كداریش له لایه‌ن هێزه‌كانی ئیسرائیلی‌یه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون.

له لایه‌كی دیكه‌ش، گروپی حیزب الله‌ موشه‌كی بۆ باكوری ئیسرائیل هه‌ڵداوه‌ و به لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دوو كه‌س له شارۆچكه‌ی تبه‌رییاس و شلۆمی كوژراون.

‌ هاوكاتیش، دوو فڕۆكه‌وانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی گیانیان له ده‌ستداوه‌ پاش ئه‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌یان له باكوری ئیسرائیل كه‌وتۆته‌ خوارێ. ڕاپۆرته ‌سه‌ره‌تاییه‌كان گوتویانه‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كه ‌به‌ر وایه‌رێكی كاره‌با كه‌وتووه‌ و بۆته هۆی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستان له پاشدا گوتیان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كه‌ به گولله‌ی هێزی دوژمن خرابێته خوارێ.