هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی سیاسی عه‌ره‌بی سونه‌ی عێراق، ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رباره‌ی ئه‌نجامه‌كانی ناكۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕاگه‌یاند و داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن
ڕۆژی سێشه‌ممه، به‌ره‌ی هاوبه‌ندی عێراقی گوتویانه ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی ده‌نگدانه په‌رله‌مانتارییه‌كانی ڕۆژی دووشه‌ممه ڕاگه‌یه‌ندران، جیاوازییان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامارانه‌ی له لایه‌ن چاودێرانی سونیهكانهوه له مه‌ڵبه‌نده‌كانی ده‌نگدان له پارێزگای به‌غدا تۆمار كرابوون.
به گوێره‌ی ئه‌نجامه به‌راییه‌كان، هاوبه‌ندی عه‌ره‌به سونیه‌كان له سه‌دا نۆزده‌ی كۆی ده‌نگه‌كانی پارێزگای به‌غدایان به ده‌ست هێناوه و زۆر له دوای هاوپه‌یمانی عێراقی یه‌كگرتووی شیعه‌كانی عێراقه‌وه‌ن كه له سه‌دا په‌نجا و نۆی كۆی ده‌نگه‌كانیان به ده‌ست هێناوه.
به گوێره‌ی ڕێژه‌ی له‌سه دا نه‌وه‌تی ئه‌و ده‌نگانه‌ی یانزده له كۆی هه‌ژده پارێزگاكه‌ی عێراق ڕاگه‌یه‌ندراون، هاوپه‌یمانی شیعه‌كان ده‌نگی زۆرییان به ده‌ست هێناوه. ئه‌وه‌ی جێی باسه، ده‌نگدانه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كه له پانزده‌ی ئه‌م مانگه‌دا له عێراق ئه‌نجامدراون بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تێكی چوار ساڵی عێراقیه.
به گشتی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه، به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی پانزده‌ی دیسهمبهرییان كردووه. له به‌غدا پایته‌خت، ڕێژه‌ی ده‌نگده‌رانی به‌شداربوو له سه‌دا 89 بووه ، له موسڵ له سه‌دا 87 بووه، له سه‌ڵاحه‌دین له سه‌دا 89 بووه ، له كه‌ركوك له سه‌دا 88 بووه، به‌ڵام له پارێزگای ئه‌نبار له سه‌دا 55 ی ده‌نگده‌ران به‌شدارییان كردووه.
هاوكات ڕۆژی سێشه‌ممه، سه‌رۆك بوش په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی عێراق و ئیبراهیم ئه‌لجه‌عفه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئه‌نجامداوه و پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی لێكردوون.